
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ وێنەکە ئەرشیڤە
ئاڤا نیوز
محەممەد شیاع سوودانی داواکارییەکی مەسرور بارزانی قبووڵ دەکات بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆ و دانووستان بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی کوردستان.
چیرۆکی سەرەکی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ سێ وەزیری کورد کۆبووەوە، وێڕای تاوتوێکردنی پرسی مووچە و ڕەزامەندیدان لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت ، گفتوگۆیان لەسەر نامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان کردووە کە داوای کردبوو بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە بنەما وەرنەگیرێت بۆ دیاریکردنی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی کوردستان.
زانیاریی تایبەت: سوودانی بڕیاری داوە شاندەکانی دانوستانکاری هەولێر و بەغدا جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە، بەو ئامانجەی لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بۆ ئاڤا، سوودانی و وەزیرانی کورد ڕەزامەند بوون لەسەر ناردنی مانگانە 120 ملیار دینار تاوەکو ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە: لە کۆبوونەوەکەدا باسی داهاتی نانەوتی کوردستان کراوە و میزان مراجەعەی مانگی هەشتی وەزارەتی دارایی کوردستان خراوەتەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە داهاتی نانەوتی مانگی هەشت 281 ملیار دینارە، وەزیرانی کورد داوایان کردووە 120 ملیار دینارەکە کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی 161 ملیار دینار بۆ حکومەتی کوردستان دەمێنێتەوە و ئەمەش بەشی خەرجییەکانی حکومەت ناکات.
لە وەڵامدا سوودانی گوتوویەتی: "ئێمە وا ڕێککەوتبووین داهاتی نانەوتی سەدا 50 بە 50 بێت، کەچی ئێستا 120 دەنێرن و 161 ملیار دینار بۆخۆتانە، واتا سەدا 57.29 بۆ کوردستانە، سەدا 42.61 بۆ عێراقە، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئێمە بودجەی وەبەرهێنان خەرج ناکەین و قەرز و کورتهێنانمان زۆرە".
ئەوەی پێویستە بیزانیت: حکومەتی کوردستان کێشەی لەگەڵ خاڵێکی سەرەکی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت هەیە کە دەڵێت، دەبێت داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەكان 100% بۆ عێراق بگەڕێنرێتەوە و هیچی بۆ کوردستان نەبێت، حکومەتی کوردستانیش داوا دەکات 50% بە 50% بێت، لەبارەی ڕێژەی هەندێک داهاتی تریش حکومەتی کوردستان تێبینی هەیە.
زۆربەی داهاتی ناوخۆی کوردستان هی خاڵە سنوورییەکانە، ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت حکومەتی کوردستان داهاتێکی ئەوتۆی نامێنێت بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و ئەنجامدانی پڕۆژە، بۆیە ئێستا حکومەتی کوردستان و بەرپرسانی کورد لە هەوڵدان مانگانە پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی بۆ 90 تا 100 ملیار دینار کەم بکرێتەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
مامۆستایێکی زانکۆ لە گەڵای هەڵوەریو تابلۆی سرووشتی دروست دەکات
- هەواڵ
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی: نابێت دۆخی کوردستان بەمشێوەیە بەردەوام بێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی 2025 یەکێک دەبێت لە سێ گەرمترین ساڵەکانی مێژوو
12 کاتژمێر لەمەوپێش

دووکانێکی ساردەمەنی لە دەربەندیخان وێنەی کڕیارانی هەڵدەواسێت
14 کاتژمێر لەمەوپێش
بەڵگە فیلمی 'ژیان دوای ئازادی' لە فێستیڤاڵی EAFF نمایش کرا
14 کاتژمێر لەمەوپێش

فێستیڤاڵی زەیتوون لە کۆیە بەڕێوەدەچێت
14 کاتژمێر لەمەوپێش

شیروان عەبدوڵڵا: داوا دەکەم هەمووان دەنگ بدەن بەو لیستەی کە خەمخۆری کوردستانە
15 کاتژمێر لەمەوپێش





