سیروان بارزانی: کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم نزیکبووەتەوە لە چارەسەرکردن

شەیری بکە لە:
سیروان بارزانی: کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم نزیکبووەتەوە لە چارەسەرکردن

گرافیکی کۆڕەک تیلیکۆم

ئاڤا نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، نووسراو و دۆکیومێنتەکانی کێشەی هێڵی پەیوەندی کۆڕەک تیلیکۆم، گەیشتووەتە نووسینگەی محەممەد شیا‌ع سوودانی و ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردن واژۆی کۆتایی لەسەر چارەسەرکردنی بکات.

وێنە گەورەکە: بە بیانووی کەڵەکەبوون و نەدانەوەی قەرزەکانی، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، چەند سزایەکی بەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمدا سەپاند، دیارترینیان ڕاگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان کۆمپانیاکە و هێڵەکانی دیکەی ناوخۆی عێراق بوو.

لێدوانی فەرمی: سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بە ئاڤای ڕاگەیاند: کێشەی کۆڕەک تیلیکۆم  سیاسییە، هاوشێوەی مووچە یەکێکی دیکەیە لەو ستەمانەی بەرامبەرمان دەکرێت، ئەمەش پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و نەتەوە یەکگرتووەکانمان ئاگادارکردووەتەوە.

زانیاریی زیاتر: سیروان بارزانی گوتیشی، قسەم لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کردووە، بەڵێنیدا لەماوەی چەند هەفتەیەک لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە، کارەکانی لە دەستەی دەستپاکی، دادگا و ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بکات، دواجار بڕیاری چارەسەری کێشەکە گەیشتە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەڵام سەرۆکی دەستەکە گوتی، من ناتوانم واژۆ لەسەر ئەوە بکەم و نووسراوەکەی گەڕاندەوە نووسینگەی سوودانی.

سیروان بارزانی، ئاشکرای کرد کۆڕەک نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕیوە ئەگەر کێشەی دیکە نەخرێتە بەردەم کۆمپانیای کۆڕەک، ئەگەری هەیە لە دوای هەڵبژاردن سزاکانی سەر کۆمپانیاکە هەڵبگیرێن.

كاریگەریی و لێكەوتەكان: کۆڕەک تیلیکۆم، نزیکەی 10 ملیۆن هاوبەشی هەیە، بەهۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەكانی سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە هێڵی ئینتەرنێت بێبەش بوون، پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان کۆرەک تیلیکۆم و هێڵەکانی دیکەش وەستاون، ئەمە گرفتی بۆ ملیۆنان هاوبەشی کۆرەک تیلیکۆم و هێڵەکانی دیکە دروست کردووە و ناتوانن پەیوەندیی بە یەکترەوە بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: