هۆشداری لە هەڵاوسانی ژمارەی دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان دەدرێت

شەیری بکە لە:
هۆشداری لە هەڵاوسانی ژمارەی دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان دەدرێت

پزیشکێکی دەرمانساز لەکاتی کارکردن

ئاڤا نیوز

کەرتی خوێندنی پزیشکیی ئەهلی لە عێراق بەتایبەتی لە هەردوو بەشەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان گۆڕانکارییەکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە بازاڕێکی کراوە، بەجۆرێک کرێی خوێندن بۆ نیوە دابەزیوە و مەرجەکانی وەرگرتنیش بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەمکراونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پسپۆڕان هۆشداری هەڵاوسان لە رێژەی ئەم  توێژە دەدەن.

وێنە گەورەكە: لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، بەشێک لە کۆلێژە ئەهلییەکانی عێراق کێبڕکێ لەسەر داشکاندنی کرێی خوێندن لە بەشەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان لە هەشت بۆ نۆ ملیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار کرێی خوێندن دەکەن، هاوکات کۆنمرەی وەرگرتنیش لەو دوو کۆلێژە لەبەشێک زانکۆ ئەهلییەکانی عێراق بۆ 63٪ کەمکراوەتەوە. 

لێدوانی فەرمی: ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی دەدات لە زیادبوونی ژمارەی کۆلێژە پزیشکییە ئەهلییەکان و ڕێژەی دەرچووان لەم کۆلێژانە و دەڵێت، " پێویستە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی، پلاندانان و پەروەردە چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە.

كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌كان: شنگالی، ئاماژەی بەوەدا، بەپێی وتەی سەندیکاکانی دەرمانسازان و پزیشکانی ددان، هەڵاوسان لە ژمارەی دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی دداندا بە ڕێژەی 100% زیادیكردووە و لیژنەیەکی حکومیش لە ساڵی 2021 هۆشداریدا، کە تا ساڵی 2027، عێراق ڕووبەڕووی زیادبوونی (فائیز) ژمارەی پزیشکانی ددان بە 23 هەزار و دەرمانسازان بە 61 هەزار دەبێتەوە.

ژمارەکان وادەڵێن: بەپێی ئاماری حکومەتی عێراق، ژمارەی کۆلێژەکانی دەرمانسازی لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 70 کۆلێژ، کە تەنیا 17 کۆلێژیان حکومین و ئەوانی دیکە هەموویان ئەهلین، بەپێی ڕاپۆرتەکانیش ئێستا لە عێراقدا 50 هەزار دەرمانخانە لە کۆڵان و شەقامەکانی پارێزگاکانی عێراق هەن، بەڵام 10 ساڵ لەمەوبەر ژمارەی دەرمانخانەکان لە شەش هەزار دەرمانخانە لەسەرانسەری عێراق تێنەدەپەڕی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: