سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکانی ئێران: دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە و ناکرێ چیتر بێدەنگ بین
- هەواڵ
- 16 کانوونی دووەم

ئاڤا دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر بڵاوکرددەوە و رایدەگەیەنێت: ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەموو لایەک ئاگاداران، هەر لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.
ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.
لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.
ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.
گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە.
مسعود بارزانی
16ی کانوونی دووەمی 2024

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 15 خولەک لەمەوپێش
هەژماری فەرمیی بەرهەم ساڵح هاک دەکرێت؛ڕیکلامێکی تێدا بڵاودەکرێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
پاکستان ترەمپ بۆ نۆبڵی ئاشتیی کاندید دەکات
10 کاتژمێر لەمەوپێش
جگە لە پێنج شوێن ئینتەرنێتی هەموو کوردستان دەوەستێت
10 کاتژمێر لەمەوپێش
هەموو شتێک لەبارەی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ دوای بۆردوومانکردن مەترسییان چەندە؟
20 حوزەیران
پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران کەی ئاشکرا کرا؟
20 حوزەیران
یۆرانیۆم چییە، لە چی دروست دەکرێت و بۆچی هێندە دەگمەنە؟
20 حوزەیران
- هەواڵ
- 15 خولەک لەمەوپێش
هەژماری فەرمیی بەرهەم ساڵح هاک دەکرێت؛ڕیکلامێکی تێدا بڵاودەکرێتەوە
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
نیویۆرک تایمز: بە هەزاران سەربازی ئەمریکا لەژێر هەڕەشەی مووشەکەکانی ئێرانن