
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق
ئاڤا نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان وەڵامی تۆمەتەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا دەداتەوە و بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان پابەندی سەرجەم خاڵ و بڕگەكان بووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت و ئەوە حكومەتی عێراقە كە ماوەی چەندین ساڵە بە ئەنقەست كۆسپ و بەربەست لەبەردەم مافە دەستووریی و فیدڕاڵییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنێت.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەكات، بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی تەواو سیاسییە و دوورە لە ڕاستییە بابەتییەكان و مەبەست لێی بەرپرسیاركردنی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر شكستە كەڵەكەبووەكان كە لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی مەركەزییە، كە ڕەچاوی بنەمای هاوبەشی نەكردووە كە عێراقی تازەی لەسەر بونیادنراوە.
زانیاریی زیاتر: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەیاننامەکەیدا چەند ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگری باسكردووە، پەیوەست بە پێشێلكردنی دەستوور و دروستكردنی كۆسپ و بەربەست لەبەردەم پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی كە دەرچوونی یاساكە چارەسەری ڕیشەیی سەرجەم كێشەكانی دەكرد، بەجێگەی ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی پشتی بە یاسایەکی كۆنی سەردەمی بەعسی ڕووخاو دەبەست كە بەڕوونی و ڕاشكاوی دژایەتی بنەماكانی سیستمی فیدڕاڵی و بڕگە و ماددەكانی دەستوور دەكات.
- لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەیدا هاتووە، عێراق بەردەوامبوو لە بڕینی مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان كە پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە، هاوكات سیاسەتی برسیكردن پەیڕەودەكات لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجێندای جیاكاری كە پێچەوانەی دەستوورە.
لەلایەکی دیکەوە: دەربارەی تۆمەتەكانی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم تۆمەتە هەڵبەستراوە هەوڵێکی ئاشكرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئەو قاچاخچیەتییە بەربڵاوەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق دەكرێت، ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بەڵگەن لەسەر ئەو بەفیڕۆدان و گەندەڵییەی لە دۆسیەی نەوتی عێراق دەكرێت، ئەوە ئێوەن كە نەوتی عێراقتان خستووەتە خزمەتی بەرژەوەندی كەسانی دیكە لە بری ئەوەی بكەوێتە خزمەتی عێراق و گەلەكەی، تا ئەو ڕاددەیەی كە لەسەر ئاستی جیهانیدا، زیانی بە ناوبانگی عێراق گەیاندووە.
- لەبەرامبەردا؛ هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئەوەی لایەنی بەرامبەر بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
- تۆمەتبارکردنی هەرێمی كوردستان بۆ زیادەی ئۆپێک، هەڵەی ئێوەیە، چونكە ئێوە بەناوی نەوتی عێراقەوە نەوتی خەڵكی تر دەفرۆشن.
- مافی شەرعی و دەستووریی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، دوو هێندە ئەو بڕەیە كە ئێستا بەرهەمی دەهێنێت، بەڵام هەرێم بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی نیوەی ئەو بڕەش بەرهەم ناهێنێت، هەرێمی كوردستان سەرووی 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی ئێوە كردووە، لەبەرامبەردا یەك دیناری ئەو نەوتەتان بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و پابەندبوونە داراییەکانە.
هەرێمی كوردستان وەڵامی خاڵ بە خاڵی تۆمەتەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە:
1.حکومەتی هەرێمی كوردستان لایەنی بەرپرسیار نییە لە وەستاندنی هەناردەكردنی نەوت، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو داوایە بوو كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەدژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کردبوو، کە بەهۆیەوە لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەكردنی نەوت وەستاوە و زیانی سەرووی 25 ملیار دۆلاری بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكان گەیاندووە.
2. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، بەدیاریكراوی لە 4ی نیسانی 2023، ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. بەڵام یاسای بودجە تێچووی بەرهەمهێنانی بە (شەش دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک) دیاری كردبوو، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان خۆیان نەخەنە ژێرباری ئەو سنوورداركردنە و وایكرد خۆیان لە بەرهەمهێنان بەدوور بگرن.
3. لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق بڕێك لە نەوتی هەرێمی کوردستان گەیەنرایە پاڵاوگەیەک کە بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کاردەکات بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ. کۆی گشتی ڕادەستکردنی 11 ملیۆن و 826 هەزار و 218 بەرمیل نەوت بوو، سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی هەرێم، یەک دیناریش لەبەرامبەر ئەو پابەندبوونە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج نەکرا. دەرئەنجام؛ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان خۆیان لە گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدوور گرت.
4. لەسەرەتای پێکهێنانی ئەم كابینەی ئێستای حکومەتی فیدراڵی، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی. بۆ ئەم مەبەستە پێشتر چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دراون. بەڵام هێشتا ئەم هەوڵانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە. خاوبوونەوە و دواکەوتنێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە هەیە لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە جێی بایەخە، کە نوێنەرایەتی کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت دەکات.
5. بەو پێیەی سیستمی حکومەت لە عێراق سیستمێکی فیدراڵییە، و مافی دەستووری هەرێمە کە یاسای تایبەتی خۆی هەبێت کە کاروبارەکانی ڕێکدەخات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گاز ژمارە 22ی ساڵی 2007 گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ئەنجامدا، ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەو گرێبەستانەدا هەبووایە، ئەوا کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستان نەدەكرد بێ ئەوەی بنەمایەكی یاسایی هەبێت كە پشتی پێ دەبەستن.
6. عێراق دەستووری هەیە. ئەگەر كار بە دەق و ڕووحی دەقەكانی بڕگەکانی دەستوور بكرابووایە، دوور لە پاوانخوازی و بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی، دۆخی گشتی وڵات و مەلەفی نەوت بەتایبەتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە ئاڵۆز و قەیراناوییە.
7. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەرکەکانی خۆی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت جێبەجێ کرد. ڕێککەوت لەسەر ئەوەی: نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بفرۆشێت، سەرجەم داهاتی فرۆشتن بخاتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری دابنێت، هەروەها ئەژمێری ئیسکرۆ بە ناوی کۆمپانیاکان بکاتەوە.
8. کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی كوردستان کاردەکەن پێویستە: (پابەندبن بە گرێبەستەکان لەڕووی مۆدێلی ئابوری و مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستەکەوە، و زیان بە گرێبەستەکان نەدەن بەو پێیەی لە دادگا فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکان ڕێڕەوی یاسایی خۆیان گرتووەتەبەر).
- با ڕای گشتیش ئاگاداربن ئەو ڕێككەوتنە كاتییەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت كرا و پاشانیش چەندین كۆبوونەوە و دیداری بۆ بەڕێوەچوو، دەلالەتی بەڵگەی یەکلاکەرەوە و ڕوونن لەسەر نەرمی نواندن و نیازپاكی و ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردن، ئەمەش پێچەوانەی پڕوپاگەندەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەسەلمێنێت، كە گوایە وتوویەتی سەرجەم گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بێسوود و بێ بنەما بووە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ناسرییە و کەربەلا دیاری دەکرێت
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
لە یەکەم ڕۆژی جەژن منداڵێک لە زێی گەورە دەخنکێت
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
دانوستانی بازرگانی ئەمریکا و چین لە لەندەن دەکرێت
- تەندروستی
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی تەندروستی گۆشتفرۆشەكان لە مەترسییەك ئاگادار دەكاتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
- بزنس
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆشیار زێباری: بڕینی مووچە دەكەینە پرسێكی نێودەوڵەتی
- بزنس
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
كەمال كەركووكی: كورد ڕووبەڕووی سیاسەتی نوێی ستەمكارانە دەبێتەوە