لە بەڵێنی کشانەوە بۆ بێدەنگیی گوماناوی؛ نهێنییەکانی پشت پەردەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
- ڕاپۆرت
- 23 تەممووز

سەربازانی ئەمریکا لە عێراق
ئاڤا نیوز
سەرەڕای نزیکبوونەوە لە وادەی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دوا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ مایکڵ کۆرێلا، هیچ ئاماژەیەکی بە پرسی کشانەوەی هێزەکان نەدا. ئەم بێدەنگییە لە کاتێکدایە کە مشتومڕەکان لە عێراقدا لەبارەی ئەگەری دواخستنی ئەم پرسە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە لە زیادبووندایە، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر چارەنووسی ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و واشنتن دروست دەکات.
وێنە گەورەکە: مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2025.
چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی دووشەممە 21ـی تەمموز، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێشوازی لە ژەنەراڵ مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ژەنەراڵ کێڤن لامبارت، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا و ژەنەراڵ کێڤن لێهی، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانان کرد.
بێدەنگیی حکومی و تەوەری کۆبوونەوەکە
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فەرماندە نوێ و کۆنەکانی هاوپەیمانان ئامادەی بوون، سەرنج خرایە سەر "پەیوەندییەکانی هاوکاری، گواستنەوە بۆ پەیوەندیی ئەمنیی دوولایەنە و تاوتوێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای هاوبەش". ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی تەنیا ئاماژەی بە جەختکردنەوە لەسەر "پێویستیی سەپاندنی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی فراوانبوونی ململانێکان" کردبوو، بەڵام وشەی "کشانەوە" کە داواکارییەکی سەرەکیی لایەنە سیاسییەکان بوو، بە تەواوی فەرامۆش کرا.
ناکۆکی لەگەڵ بەڵێنەکانی پێشوو
ئەم بێدەنگییەی ئێستا لەگەڵ لێدوانەکانی پێشووی خودی سوودانیدا ناکۆکە. لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (بلومبێرگ) ڕایگەیاندبوو کە "پاساوەکانی مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتاییان هاتووە" و عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاگەیاندنی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و واشنتن کرابوو بۆ کۆتاییهێنانی ئەرکە سەربازییەکان لە ماوەی 12 مانگدا. بەڵام ئێستا، ئەو لایەنە سیاسی و چەکدارانەی نزیک لە ئێران کە پێشتر فشاری زۆریان بۆ دەرکردنی هێزەکان دەکرد، دەنگیان کز بووە و داواکارییەکانیان گەیشتووەتە ئاستی نەمان.
لێکدانەوە جیاوازەکان بۆ دۆخەکە
کەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە بڕیاری مانەوە یان ڕۆشتنی هێزەکان پەیوەستە بە "دۆخی ئەمنی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە" و جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتنەکە بەپێی پلانێکی حکومی و کاتێکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ڕەنگە دواخستنەکە بەشێک بێت لە پلانەکە.
بەڵام شارەزای بواری ئەمنی، ئەحمەد شەریفی، دیدێکی جیاوازی هەیە. ئەو پێیوایە پرسی کشانەوە تەنیا بڕیارێکی عێراقی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە دۆخی گشتیی ناوچەکە و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانەوە. شەریفی بە ڕاشکاوی دەڵێت: "عێراق هێشتا توانای تەواوی نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی خۆی،" بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆیی وەک ناکۆکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بوونی گرووپە چەکدارەکان، و پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش.
دۆخی هێزەکان لەسەر زەوی
ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە عێراق جێگیرن، کە لە سێ بنکەی سەرەکیدان: بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی هەریر لە هەولێر و کەمپی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا. ئەمە جگە لە هێزی وڵاتانی دیکەی وەک بەریتانیا و فەرەنسا. بێدەنگیی ئێستای حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، چارەنووسی ئەم هێزانە و پرسی کشانەوەی خستووەتە نێو دۆخێکی ناڕوون و پڕ گومانەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 20 خولەک لەمەوپێش
کۆمیسیۆن: ڕێژەی بەشداری دەنگدانی تایبەت 82,42% بوو
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پارتی لە دەنگدانی تایبەت یەکەمە و زۆرترین دەنگی هێناوە
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە سلێمانی زۆرترین دەنگی پووچەڵ هەیە و ئاڤا هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
کۆی گشتیی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت تا ئێستا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

بەوێنە؛ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر
7 کاتژمێر لەمەوپێش

لە ئێران، نرخی کاغەز 60% بەرز بووەتەوە
8 کاتژمێر لەمەوپێش

ئێران ئەگەری دزینی هەورەکانی بە دوور نازانێت
8 کاتژمێر لەمەوپێش

پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە وڵاتانی جیهان چۆن بەڕێوەدەچێت؟
8 کاتژمێر لەمەوپێش

بەوێنە؛ دەنگدانی ئاوارەکانی کەمپی دیبەگە لە ڕۆژهەڵاتی مەخموور
9 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 5 تشرینی دووەم
موسڵمانێک بووە سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک
- ڕاپۆرت
- 2 تشرینی دووەم
چین: دەبێت قاپی برنجی وزە لە دەستی خۆماندا بێت






