هەنگاوە کردارییەکان بۆ مووچەی مانگی شەش دەستپێدەکەن

  • بزنس
  • 14 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
هەنگاوە کردارییەکان بۆ مووچەی مانگی شەش دەستپێدەکەن

دیمەنی دراوی عێراق و بۆری نەوت و لۆگۆی هەژماری من. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و هەژماری من و بودجە، سبەی یەکشەممە لە هەولێرەوە چوار لیژنە دەچن بۆ بەغدا، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.

چیرۆکی سەرەکی: بۆ بابەتەکانی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی و بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، سبەی یەکشەممە چوار لیژنە لە هەولێرەوە دەچنە بەغدا و دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژ سەرجەمیان یەکلا بکەنەوە.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای وت، لیژنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە هەماهەنگی بەردەوامن و بڕیارە ئەم هەفتەیە هەناردەی نەوت لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکات.

هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی خەزانەکانی سۆمۆ دەکات، ئەوانیش هەناردەی دەکەن. سەرەتا بڕەکەی هەرچەندێک بێت دواتر وردە وردە زیاد دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەفتەکانی ڕابردوو بەهۆی هێرشی درۆنیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان دابەزی ڕۆژانە بۆ خوار 80 هەزار بەرمیل، بریارە لەماوەی مانگێک ئەم بڕە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی پێشووی، ڕۆژانە 280 هەزار بەرمیل.

ئەوەی ئیستا ڕوودەدات: ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بەپێی ئەم نووسراوێک، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سێ لیژنەی دیاریکردووە بۆ ئەم بابەتانە:

لیژنەی یەکەم بۆ پشکی حکومەتی ناوەندیییە لە داهاتی نانەوتی، ئەمەش بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی لەنێوان دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووە. ئەم لیژنەیە دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا ڕاپۆڕتێک ئامادە بکەن و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بنێرن. لیژنەکە پێنج کەسە، دوو ئەندامی کوردن کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی کوردستان و دەرباز ئەنوەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی  کوردستان.

لیژنەیەی دووەم تایبەتە بە تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دابووی. پێویستە لەماوەی سێ مانگدا هەموو ڕێکارەکانی بەبانکیکردنی مووچە تەواو بکرێن و هەموو مووچەخۆران ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. لیژنەکە لە پێنج کەس پێکدێت و دوو ئەندامی لیژنەکە کوردن، هەریەکە لە محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی، محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی کوردستان.

لیژنەی سێیەم تایبەتە بە چارەسەرکردنی نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سێ ساڵە، پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا ئەم لیژنەیەش ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن و چارەسەر بخەنەڕوو، بیدەن بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەکە پێنج کەسن، هاوشێوەی لیژنەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە دوو کەس ئەندامن، کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و عەبدوڵڵا عەلی، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی.

لیژنەیەکی دیکە تایبەتە بە دۆسیەی نەوت، لە هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان پێکهاتوون، لەم لیژنەیەش دوو ئەندامیان کوردن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سبەی یەکشەممە هەر چوار لیژنەکە پێکەوە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەڕۆن بۆ بەغدا، کاتژمێر 10 دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی داهات وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای وت، کەی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی دا، 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان پێدەدەن.

ئاڤا زانیویەتی دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ