پەیمانگای واشنتن: یاسای حەشد پەسەندبکرێت ئەمریکا حەوت ڕێکار دژی عێراق دەگرێتەبەر
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

لۆگۆی پەیمانگەی واشنتن بۆ توێژینەوە لەگەڵ چەکدارێکی حەشدی شەعبی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، ئەگەر سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا، پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەندبکات، واشنتن حەوت ڕێکاری لەبەردەمە تا دژی بەغدا بیگەرێتەبەر لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و کەمکردنەوەی بەشداربوونی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە کەرتی ئابووری، بازرگانیی و وەبەرهێنانی عێراق.
چیرۆکی سەرەکی: دوای سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی عێراق، بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق هێزێکی سەربازی نافەرمی بۆ پاراستنی عێراق پێکهێنرا و ناوی لێنرا حەشدی شەعبی، ئێستا ئەم هێزە 238 هەزار چەکداری هەیە و ساڵانە لە بودجەی دەوڵەت 3.6 مليار دۆلار دەبات، لەژێر چەتری ئەم دامەزراوەیەش کە بە "ڕواڵەت حکومییە"، 70 گرووپی چەکداری جیاوازی شیعی کۆکراونەتەوە کە بەشێکیان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان لەوانەش نوجەبا، عەسایب و حیزبوڵڵا.
بڵاوکراوەی فەرمی: پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهێزکردنی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەناو عێراق و دروستکردنی چەتری یاسایی بۆیان، لێدانی ڕاستەوخۆیە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆیە دەبێت واشنتن بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کە بەهۆی گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی زیانمەندبوون، هەنگاوی کردەیی دژی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بگرێتەبەر.
بەگوێرەی ڕەشنووسی یاسای نوێی حەشد، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە لە ساڵی 2021ـەوە بەتۆمەتی پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، پلەکەی دەبێتە وەزیر و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پەسەندکردنی یاسای نوێی حەشدی شەعبی دەربڕیووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی 23ـی تەممووزی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، ڕۆبیۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم پڕۆژەیاسایە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی "ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
پەیمانگای واشنتن دەڵێت، ڕێکارەکانی ئەمریکا لە ئەگەری پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی: دژی عێراق بریتی دەبن لە:
یەکەم: کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەش مانای دەستبەرداربوونە لە پاراستنی عێراق، لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ئاستەنگی گەورە.
دووەم: واشنتن ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکات کە هەستاون بە هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، ئەوەش بەمەبەستی ئیحراجکردنی حکومەتی عێراق، چونکە واشنتن زانیاریی لەبەردەستە کە هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی لەم هێرشیانە تێوەگلاون، بەڵام بەغدا خۆی لە ئاشکراکردنی بکەری ڕاستەقینەی هێرشەکان دەدزێتەوە.
سێیەم: بانگهێشنەکردنی سوودانی بۆ واشنتن، لەئێستادا سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی لە ئەنجامدانی گەشتێکی دیپلۆماسییە بۆ ئەمریکا، دەشیەوێت پێش هەڵبژاردن گەشتەکەی ئەنجام بدات، بەڵام ئەگەر یاساکە پەسەندبکرێت، پێناچێت سوودانی بانگهێشتی ئەمریکا بکرێت.
چوارەم: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە خواستی ئەوەیان هەیە لە عێراق کاربکەن، بەوەش ئاماژەیەکی نەرێنی لەسەر دۆخی بازرگانیی و ئابووری ئەو وڵاتە نیشان دەدات و زیان بە بەغدا دەگەیێنێت.
پێنجەم: گەورەکردنی مەترسییەکانی یاساکە لەسەر ئاستی هەرێمی، بەتایبەتیش کە گرووپەکانی حەشد تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرشی تاوانکاری لە کوێت، سعوودیە، سووریا و ئوردن و ئەگەر ئەمریکا کار لەسەر مەترسییەکانی ئەم یاسایە بکات، زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەو وڵاتانە دەگەیێنێت، ئەوەش پێچەوانەی خواستی سوودانییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی.
شەشەم: لێپرسینەوە لە حیزبە سیاسییەکان، ئەو لایەنانەی دەنگ بە یاساکە دەدەن پێویستە واشنتن پرسیاریی ئەوەیان لێبکات چۆن دەنگیان بە یاساکە داوە.
حەوتەم: ناساندنی عێراق وەک دەوڵەتێک کە پاڵپشتی تیرۆر دەکات، ئەم ڕێکارە خراپترین و قورسترین ڕێکارە و باشتر وایە پەنای بۆ نەبرێت، لەجێگەی ئەوە دەتوانرێت کۆمپانیای "موهەندیس" و کۆمپانیا وەهمییەکانی دیکەی سەر بە گرووپەکانی حەشد بخرێنە لیستی سزاکانەوە، حکومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دابنرێت بۆ واژۆکردنی هەر گرێبەستێک لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە، واتە حکومەتیش نابێت پڕۆژەیان پێبدات و بەشداربن لە ئابووری عێراق.
ئەوەی لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی پێویستە بیزانیت:
پڕۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی لە 18 ماددەی سەرەکی پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی ماوە، لە ئەگەری پەسەندکردنیدا دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی 70 گرووپی چەکداری جیاواز کە لەناو حەشدی شەعبیدان.
زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی تەواو سەربەخۆ دەبێت و پەیوەندی بە وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆوە نابێت، سەرۆکایەتی ئەرکان، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای هەواڵگری و ئەکادیمیای سەربازیی تایبەت بەخۆی دەبێت و ڕاستەوخۆ بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبەسترێتەوە.
هەر بەگوێرەی پڕۆەیاساکە، حەشدی شەعبی سێ ئەرکی دەبێت ئەوانیش بریتین لە پاراستنی "سیستم"ـی حکومڕانی وڵات، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش مووچەی ئەندامەکانی هاوتای سەربازێکی عێراقی دەبێت، حکومەتیش ساڵانە بودجە بۆ کڕینی چەک بۆ دەستەی حەشد تەرخان دەکات، سەرۆکی دەستەکەش پلەی وەزیر دەبێت و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.
کاریگەریی و لێکەوتەکان: سوننە و کورد و بەشێک لە شیعەکانیش دژی پڕۆژەکەن، چونکە باوەڕیان وایە حەشدی شەعبی زیاتر هێزێکی مەزهەبییە نەک ئەمنیی، هاوکات هێزە مەدەنییەکان دژی پڕۆژەیاساکەن، چونکە باوەڕیان وایە دەوڵەتی مەدەنی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، ئەمریکاش دژی پڕۆژەکەیە و باوەڕی وایە دژی سەروەری عێراقە و شەرعیەت بە هەندێک گرووپ دەدات کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، جگە لەوەش واشنتن دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە گرووپەکانی سەر بە ئێران و هەژموونی ئەو وڵاتە بەسەر عێراقەوە بەهێزتر دەکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- بزنس
- 18 خولەک لەمەوپێش
مانگی داهاتوو وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەستپێدەکاتەوە
- ژینگە
- 33 خولەک لەمەوپێش
بۆ چوارەم جار ئاگر لە چیای برادۆست کەوتەوە و کۆنترۆڵ کرا
- هەواڵ
- 57 خولەک لەمەوپێش
کێشەی چاپی پاسپۆرت لە هەولێر چارەسەر کرا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
پزیشکان هۆشداری دەدەن: گرتنەوەی فرمێسک زیانی مەترسیدار بە چاوەکان دەگەیەنێت
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ چارەسەری قەیرانی دەرمان ئێران پەنا بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی حەشیش دەبات
3 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوڕێیەتی نێوان گەنجێکی هەولێر و بەڕازیلییە مۆدێل 1988ـەکەی: گەشتێک بەنێو 5 وڵاتدا
5 ئاب
دوایین زانیاریی لهبارهى مووچە و قسەی نوێی تەیف سامی
4 ئاب
ئایا داگیرساندنی گلۆپی سویچ پلاکی کارەبا تێچووی زۆرە؟
4 ئاب