ڕشتنی خوێن لەناو خێزاندا؛ چی دەربارەی تاوانە ڕەشەکان لە عێراقدا دەزانیت؟

شەیری بکە لە:
ڕشتنی خوێن لەناو  خێزاندا؛ چی دەربارەی تاوانە ڕەشەکان لە عێراقدا دەزانیت؟

دیمەنی کۆڵانی یەکێک لە گەڕەکەکانی بەغدا. وێنە؛ ئەرشیف

ئاڤا نیوز

تووندوتیژی خێزانی لە عێراقدا چیتر تەنیا ڕووداوی تاکەکەسی و جیاواز نین، بەڵکو لەم ساڵدا بووەتە کێشەیەکی گەورە و زۆر زیادی کردووە کە پێشتر وێنەی نەبووە.

وێنە گەورەکە: چەندین تاوان لە عێراق تۆمار کراون کە بە "تاوانە ڕەشەکان" ناسراون. ئەمەش خراپترین جۆری تووندوتیژی ناو خێزانە، کە تێیدا کەسێک لەناو خێزانەکەیدا کەسێکی نزیکی خۆی دەکوژێت، وەک کوشتنی کوڕێک، یان برا براکەی دەکوژێت، یان تەنانەت باوکێک کە هەموو مانای باوکایەتی لەبیر دەکات و منداڵەکانی خۆی دەکوژێت.

چی ڕوودەدا: لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، ئەم ڕووداوانە وەک زەنگێکی مەترسیدار لە کۆمەڵگەدا دەنگیان دایەوە، دوای ئەوەی تاوانێک شاری سەدری بەغدای هەژاند، کاتێک خێزانێک هەشت کەسیان لە ئەندامانی خێزانەکەیان کوشت کە یەکێک بوو لەو تاوانانەی زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو. پاش چەند ڕۆژێکیش، زنجیرەیەک کوشتنی خێزانی لە شارەکانی دیکە ڕوویاندا، لەوانەش نەجەف کە شایەتی کوشتنی ژن و مێردێک بوو لە تاوانێکی دڵتەزێندا کە بە خۆکوشتن کۆتایی هات، هەروەها لە مووسڵ، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست دایکێک و کوڕەکەی دەستیان لە کوشتنی کچێکی گەنجی خێزانەکەدا هەبووە و هەوڵیان دابوو تاوانەکە بشارنەوە بە بیانووی ئەوەی بە کارەبا مردووە.

سەرەتایەکی دڵتەزێن بۆ ساڵی 2025 و ژمارە پێوانەییەکان

ساڵی 2025 لە بەغدا بە تاوانگەلێکی گەورە دەستیپێکرد، کە ڕەنگدانەوەی هەڵکشانی تووندوتیژی کۆمەڵایەتی بوو لەناو قەیرانە ئابوورییەکان و لاوازی دەسەڵاتی یاسادا.

بڵاوکراوەی فەرمی: وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند 13 کەس دەستگیرکراون بە گومانی تێوەگلانیان لە کوشتن و بریندارکردنی 6 کەس لە شەڕێکی چەکداریدا لە حوسێنیەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا، کە بەهۆی کێشەی منداڵانەوە سەریهەڵدابوو. هەروەها پۆلیسی ڕەسافە دەستگیرکردنی پیاوێک و ژنێکی ڕاگەیاند کە تێوەگلابوون لە کوشتنی خێزانێکی 8 کەسی لە شاری سەدر. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست تاوانبارەکان بەهۆی کێشەی داراییەوە کەسەکانیان کوشتووە.

ئامارەکان دەری دەخەن عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەرزترین ڕێژەی تاوانی کوشتنی لەسەر ئاستی عەرەبی تۆمار کردووە، بە نزیکەی پێنج هەزار و 300 تاوان لە یەک ساڵدا.

نموونەی تاوانەکانی دیکە: لە کوشتنی خێزانەکانەوە بۆ خۆکوشتن دوای تاوان

چەندین ڕووداوی دیکەی کوشتن لە شارەکانی عێراق ڕوویانداوە: لەوانە لە 3ـی ئاداری 2025، لە بەغدا پیاوێک هاوسەر و سێ منداڵەکەی کوشت و پاشان خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد. هۆکارەکانی بە ناڕوونی مانەوە. لە 8ـی نیسان، هەر لە بەغدا ژنێک هاوسەرەکەی کوشت و هەڵات، براکانیشی تێوەگلابوون و چەکەکە لای ئەوان دۆزرایەوە. لە 20ـی ئەیلوول، دیسان لە بەغدا سێ برا ئامۆزایەکیان بە چەقۆ کوشت بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە. مانگی ئایار، لە نەجەف ئەندامێکی وەزارەتی ناوخۆ بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە هاوسەرەکەی کوشت و پاشان خۆی کوشت. لە 30ـی تەممووز، لە نەینەوا پۆلیس تاوانێکی کوشتنی ئاشکرا کرد کە خێزانێک هەوڵی دابوو وەک مردن بە تەزووی کارەبا پیشانی بدەن، بەڵام دایکی قوربانی و براکەی تێوەگلابوون و شوێنەواری ئەشکەنجە ڕاستییەکەی دەرخست.

لە مانگی حوزەیران، دیسانەوە لە بەغدا کچێکی گەنج بەناوی "دنیا کەنانی" کوژرا، دایکی قوربانییەکە جەختی کردەوە تووشی ئەشکەنجەیەکی دڕندانە بووە و هاوسەرەکەی بەرپرسیارە و گوتویەتی: "من کوشتم، دەتەوێ بچیتە کوێ؟ بڕۆ!"

لە بەسرەش پیاوێک بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە هاوسەرەکەی کوشت کە پەیوەندی بە "گرووپی واتسئاپ"ـەوە هەبوو. ناوەڕاستی ئەیلوولیش لە بابل گەنجێک تەقەی لە باوک و مامی کرد.

ئەم تاوانانە تەنیا نموونەن لە زنجیرەیەکی درێژی ڕووداوە هاوشێوەکان کە لە پارێزگا جیاوازەکاندا ڕوودەدەن و هۆکارەکانیان جیاوازن لە نێوان ناکۆکی دارایی، کێشەی کۆمەڵایەتی، یان تەنانەت هۆکاری "شەرەف".

هۆکارە زانراوەکان: بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاڤای ڕاگەیاند، تاوانە خێزانییەکان چیتر سنووردار نین بە ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو لە شارە گەورەکاندا وەک بەغدا، بەسرە، زیقار، واست، نەجەف و بابل لە زیادبووندان. ئاماژەی بەوەدا "بڵاوبوونەوەی چەک لەناو ماڵەکاندا و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان" دوو هۆکاری سەرەکین کە ناکۆکییە سادەکان دەگۆڕن بۆ تاوانی کوشتن.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتیشی: "ئامارەکان ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی تووندوتیژی خێزانی دەدەن کە هەندێک جار دەگاتە تاوانی کوشتنی دڕندانە" و سەرچاوەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناکۆکی دارایی، تووندوتیژی بۆماوەیی یان کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی.

لەلایەکی دیکەوە: عەلی ڕوبەیعی، ئەفسەر لە پۆلیسی کۆمەڵایەتی، بە ئاڤای ڕاگەیاند، "ڕاپۆرتەکانی هەڕەشەکردن لە دایک و باوکان لەلایەن منداڵەکانیانەوە زیادبوونە و هەندێک جار دەگاتە کوشتن."  ئاماژەی بەوەدا "زۆرجار ناکۆکی تووندی خێزانیی سەردەکێشێت بۆ تاوانی کوشتن" و هۆکارە سەرەکییەکانیش بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی فراوانی چەک لەناو کۆمەڵگەدا گەڕاندەوە.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی لە 17ـی شوباتی 2025دا، هۆکارەکانی "تاوانە ڕەشەکانی" ئاشکرا کرد، کە ڕێژەیەکی زۆریان بۆ ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ناکۆکی خێزانی دەگەڕێتەوە.

عەلی نعمە بەنداوی، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند "ڕووداوەکانی کوشتن لەناو خێزاندا لە زۆرێک لە پارێزگاکان تۆمار کراون." ئاماژەی بەوەدا کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانیانداوە "ڕێژەکە ڕەنگە بگاتە 50% بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان" و ناکۆکییە تووندە خێزانییەکان.

بەنداوی جەختی لەوە کردەوە "دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو دۆسیانەی کە چەند ساڵێکە هۆشداریمان لێی داوە، بە تایبەتی کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە.".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ