کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دروست دەکەن
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان - گرافیکی ئاڤا
ئاڤا نیوز
بەهۆی کێشەکانی نێوان کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، هێشتا نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا نەکراوە، عێراقیش ئامادە نییە ئەم بڕەی ئێستا وەری دەگرێت لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بکات.
وێنە گەورەکە: گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی بەردەوامن، ئاڤا زانیویەتی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق هەردوولا سوورن لەسەر قسەکانی خۆیان، بەڵام گفتوگۆ هەیە لەنێوان شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەم پرسە و چیتر مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دوانەکەوێت.
زانیاریی تایبەت: سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڤا گوتی: هێشتا مشتومڕ لەسەر داهاتی نانەوتی بەردەوامە، عێراق داوا دەکات 100% داهاتی باج و گومرگی پێبدەین و 50%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەوێت، بەڵام خۆی بەپێی یاسا پێچەوانەی ئەوەیە و وەکو لە یاسای بودجەدا هاتووە کە هەردوو ماددەکەی پەیوەست بەم بابەتە، بەم شێوەیەن:
ماددەی 21 - یەکەم: وەزارەتەکان و لایەنەکان کە بە وەزارەتەوە نەبەستراونەتەوە و سەرجەم پارێزگاکان بەردەوام دەبن لەسەر دەسەڵاتەکانیان لە سەپاندنی باج یان کرێی خزمەتگوزارییەکان کە لە ماوەی ساڵانی 2016، 2017 ،2018 ،2019، 2021 سەپێندراون، یان سەپاندنی باج یان کرێی خزمەتگوزاری نوێ و هەموارکردنەوەی ئەو باج و کرێی خزمەتگوزارییە ئێستا هەن، جگە لە باجە سیادییەکان کە بەپێی "یاسا فیدراڵییە کارپێکراوەکان پەسەندکراون"، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لەلایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی ئەو لایەنەی کە بە وەزارەتەوە نەبەستراوەتەوە یان پارێزگار دەردەچێت. بە مەرجێک ڕێژەی (80%)ی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەڕێتەوە و 20%ی وەک داهاتێکی کۆتایی بۆ حیسابی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بێت.
دووەم: ڕێژەی 50% داهاتەکانی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخان دەکرێت کە دەروازەکانیان تێدایە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە مەرجێک ئەو بڕە پارەیە تەرخان بکرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە پارێزگاکە یان تەواوکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان یان پاڵپشتی دارایی پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگا لە چوارچێوەی دەروازەکانی بودجەدا، یان ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە هەموو پارێزگایەکدا, بە مەرجێک ڕێژەی تەرخانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە 20%ی ڕێژە باسکراوەکە کەمتر نەبێت.
ماددە 29: دامەزراوەکانی شارەوانی لە هەموو پارێزگاکاندا، بە کەرکووکیشەوە، خەرجی پاککردنەوەکان لە داهاتی تایبەتیی خۆیان دابین دەکەن، ئەمەش جگە لەو تەرخانکراوانەی کە لەناو بودجەی بەکارخستنی دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەمساڵدا بۆ هەر پارێزگایەک دانراون.
سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بە پرسی نەوت، تا هەناردەکردنەوەی دوا بکەوێت لە سوودی عێراقە، چونکە وەکو ئاشکرایە لەلایەن ئۆپیکەوە ئەو بڕەی بۆ دیاریکراوە کە دەتوانێت چەند هەناردە بکات و ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستانیش وەرگرێت هەر ناتوانێت لەم بڕەی بۆی دیاریکراوە زیاتر هەناردە بکات، بۆیە دەبێت لە پشکی پارێزگاکانی دیکە کەم بکاتەوە. بەڵام ئەم بابەتە تەواو بووە و کۆتایی هاتووە و ڕێککەوتوون و لە چەند ڕۆژی داهاتووش هەناردەکردنەوەی دەستپێدەکات.
وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە بەهۆی پشووەوە بابەتی مووچە کەوتووەتە هەفتەی داهاتووەوە، ئەوکاتە بە ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کێشەکان بەرەو چارەسەربوون دەچێت و ئەگەر هەیە مووچە بنێردرێت.
سەبارەت بەوەی، بۆچی لە ئێستاوە داهاتی نانەوتی 120 ملیارەکە نانێرن؟ سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "هیچ گرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی کە داهات بنێرین و ئەوان مووچەمان بۆ بنێرن، بەڵام ئەو پارەیە ئامادەیە و لە ئەمانەت دانراوە، هەرکاتێک گرەنتی درا دەینێرین".
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- ببینە و ببیستە
- 52 خولەک لەمەوپێش
بەوێنە: بە هەرەوەزی خانەوادەیەک سەرقاڵی 'کا' کوتینن
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
- هەواڵ
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان عێراق و سووریا ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت
- بزنس
- 19 کاتژمێر لەمەوپێش
شاندێک بۆ مووچە لە بەغدایە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دوو کێشە چارەسەر بکرێن