دیندار زێباری: زیاتر لە هەزار و 200 چاودێر و 25 قەوارەی نێودەوڵەتیی چاودێری هەڵبژاردن دەکەن

شەیری بکە لە:
دیندار زێباری: زیاتر لە هەزار و 200 چاودێر و 25 قەوارەی نێودەوڵەتیی چاودێری هەڵبژاردن دەکەن

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان

ئاڤا نیوز

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس لە گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق دەکات و دەڵێت، نزیکەی هەزار و 500 چاودێر و قەوارەی نێودەوڵەتی و نزیکەی 10 هەزار سەنتەری هەڵبژاردن هەیە چاودێری هەڵبژاردن دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ سێشەممە 11-11-2025، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و کاتژمێر 6:00ی ئێوارە کۆتایی بە پرۆسەکە دێت، بۆ ئەم مەبەستە دەیان و سەدان ڕێکخراو و چاودێری نێودەوڵەتی بەشدارن لە چاودێریکردنی پرۆسەکە.

لێدوانی فەرمی: د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە گرنگە، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە هەزار و 200 چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە کۆمیسیۆن ناویان تۆمار کراون و چاودێری هەڵبژاردن دەکەن، هەروەها زیاتر لە 25 قەوارەی نێودەوڵەتی کە تایبەتمەندن بە هەڵبژاردن، چاودێری پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە هەشت هەزار سەنتەری هەڵبژاردن لە عێراق هەیە و سەرپەرشتی 39 هەزار بنکەی دیکەی هەڵبژاردن دەکەن. دەشڵێت، یەکێتی ئەوروپا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 25 وڵاتی عەرەبی کە بەشێکن لە کۆمکاری عەرەبی، بەشدارن و لە نزیکەوە چاودێرن، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان و سەدان دەزگای میدیایی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گرنگی پرۆسەکە بۆ سێ ئەگەر دەگەڕێنێتەوە:

یەکەم: ئەم پرۆسەیە بۆ جێبەجێکردن و یەکلاییکردنەوەی دەستوور گرنگە.

دووەم: جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان پێوەرن بۆ "یەکڕیزی، هاوبەشی، هاوسەنگی" لە عێراق، بۆ نمونە، ماددەی 140 و چەندین ماددەی دیکەی دەستووری.

سێیەم: لە هەموو گرنگتر، بوونی هاوسەنگییەکی سیاسیی حوکمڕانییە لە بەغدا.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس لە جێهێشتنی ئەمریکا و یوئێن دەکات لە عێراق و دەڵێت، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە عێراق داوای کردووە، بڕیارە لە 31-12-2025، ئەمریکا و نوێنەری یوئێن عێراق جێبهێڵن، ئەمەش تا ڕادەیەک بۆشاییەک لە چاودێری نێودەوڵەتی لە عێراق دروست دەکات، بەڵام گۆڕانکاری لە ئارادا هەیە، ئەویش جێبەجێکردنی دەستوورە کە خواستی ئەمریکا و وڵاتانی زڵهێزە و دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت، هەروەها ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی هێزی ئەمنین، ئەوانە کۆنترۆلی سەرچاوەی دارایی و ئابووری و ئەمنی عێراق نەکەن، گرنگتر لەوەش، بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگا فەرمییەکانی عێراقە.

شەیری بکە لە: