سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی.. شەڕی گەورەترین کوتلە و پرسی ویلایەتی دووەم

شەیری بکە لە:
سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی.. شەڕی گەورەترین کوتلە و پرسی ویلایەتی دووەم

کۆبوونەوەی سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی

ئاڤا نیوز

دۆخی سیاسیی عێراق، زۆر بەخێرایی پشێوییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی دەرخست. تۆمەتەکانی ئەمجارە لە دەرەوە نەهاتن، بەڵکو لەناو پەرلەمانەوە سەریان هەڵدا، کاتێک پەرلەمانتارە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی حوکمڕان ڕایانگەیاند، پارەی سیاسی بە ئاشکرا دەنگەکانی کڕیوە و دەنگی خەڵک بە بەرچاوی هەمووانەوە دزراوە.

وێنە گەورەکە: ململانێی ناو ماڵی شیعە لەسەر گەورەترین کوتلە و دانانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو تا دێت گەرمتر دەبێت. هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان داوای مافی دەستووریی خۆی دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەت، لە کاتێکدا هەوڵ لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز، تەنانەت ئەگەر پێویستی بە تێپەڕاندنی براوەی گەورەش بێت.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت: وڵات لەبەردەم گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوەدایە کە شێوازی دەسەڵات بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەکات، لەگەڵ ترسێکی ڕاستەقینە لەوەی دۆخی دوای هەڵبژاردنەکان زیاتر لە پێشوو ناجێگیر بێت.

کڕینی دەنگ و تێکدانی هاوسەنگی

سائر جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکدا بۆ ئاڤا میدیا، ناڕەزایەتی لەسەر کڕینی دەنگەکان دەربڕی ڕاگەیاند، "عێراقییەکان باوەڕیان بە کاری سیاسی نەماوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پارەی سیاسی بە شێوەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکار هات." جبووری جەختی کردەوە، "کڕینی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکانی 2025 ئاشکرا بوو، هەڵبژاردنەکان بوونەتە مایەی شەرم و لە ژێر سێبەری ئەم هەڵبژاردنانەدا پێکهێنانی حکومەت مایەی شەرمە."

سوودانی کاندیدە بۆ ویلایەتی دووەم

لەلای خۆیەوە، کەسێکی نزیک لە هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دووپاتی کردەوە کە کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانییە.

عائد هیلالی، شرۆڤەکاری سیاسیی و کەسێکی نزیک سوودانی  لە لێدوانێکدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەست هێناوە، زۆرێک پێیانوایە کە بەپێی ڕۆحی دەستوور مافی خۆیەتی پڕۆژەیەک پێشکەش بکات کە ببێتە بنەمای کوتلەیەک کە پەرلەمانتاران کۆبکاتەوە کە حکومەتێکی توانادارتر دەکەن کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت."

مەترسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

هیلالی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بیەوێت کوتلەیەکی گەورەتر بەبێ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دروست بکات، ئەوا ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی پەرلەمان بکەن بەپێی دیدگایەک کە پێیانوایە هاوسەنگییەک دەپارێزێت.

دوو بژاردە لەبەردەم سوودانی

بە گوتەی هیلالی "هاوپەیمانێتییە سیاسییەکەی دەوروبەری سوودانی، ئەمڕۆ لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان لەناو چوارچێوەکەدا وەک یەک کوتلە بمێنێتەوە، کە سیاسییەکان بە ڕۆحی هاوبەشی ناوی دەبەن، یان هەوڵ بدات بۆ ڕێگایەکی فراوانتر کە توانای زیاتری پێ ببەخشێت بۆ داڕشتنی پڕۆگرامێکی سەربەخۆتر دوای ئەو ئاماژانەی کە هەڵبژاردنەکان بەدیاری خستوون."

هیلالی دەشڵێت: "لە حاڵەتێکدا کە هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ببێتە بەشێک لە گەورەترین کوتلە، ئەوا کاندیدێکی ئامادەیان هەیە کە سەرۆکی حکومەتی ئێستایە، بەهۆی ئەو سەنگ و ئامادەیی و پشتگیرییەی کە هەیەتی و توانای پێدەبەخشێت بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێ بە دیدگایەکی ڕوونترەوە."

سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردنەکان

لەلایەکی دیکەوە، موجاشع تەمیمی، پسپۆڕی سیاسی بە ئاڤای ڕاگەیاند، شیکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئامادەیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلە بەبێ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، زیاتر فشارێکی دانوستاندنە وەک لە ئاراستەیەکی کۆتایی. تەمیمی جەختی کردەوە، ئەمە "سەرەتای ململانێیەکی ناوخۆیی شاراوە لەناو ماڵی شیعەدا دەردەخات دوای هەڵبژاردنەکان."

سێ پێوەر بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ

تەمیمی دەڵێت: هەر هەر نزیکبوونەوەیەک بۆ ناونانی سەرۆکوەزیران، بەستراوەتەوە بە سێ پێوەر: هاوسەنگی ماڵی شیعە، هەڵوێستی هێزە سوننی و کوردییەکان و قبوڵکردنی هەرێمی و نێودەوڵەتی."

پێشبینییەکان

تەمیمی پێشبینی دەکات، "ململانێ لەسەر سەرکردایەتی گەورەترین کوتلە بە ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی یەکلا دەبێتەوە کە یەکێتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەپارێزێت." نزیکترین سیناریۆش ڕێککەوتنێکی سازانە کە سوودانی وەک کاندیدی یەکەم دەهێڵێتەوە، لەگەڵ دابەشکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەرییەکان بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ