ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی مووچە؛ سوودانی دوو بڕیاری دەرکرد

  • بزنس
  • 7 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی مووچە؛ سوودانی دوو بڕیاری دەرکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز


لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی  وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دوو بڕیاری سەبارەت بە پرسی پەیوەست بە مووچەی خەڵکی کوردستان دەرکرد، نەوت و داهاتی ناوخۆ، ئەمەش دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێیە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی بەردەم ناردنی مووچە.


چیرۆکی سەرەکی:
ئەمڕۆ سێشممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.  گفتوگۆ لەبارەی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و داهاتی نانەوتی کوردستان کرا. سوودانی، کۆنووسی هاوبەشی هەردوو شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی تایبەت بە پرسی داهاتی ناوخۆی لەگەڵ خۆی بردبووە کۆبوونەوەکە، لەگەڵ ڕەشنووسی ڕێککەوتنامەی نوێی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان.

 

زانیاریی تایبەت: لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پرسی داهاتی ناوخۆ، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەکانی هەردوولا کراوە، بەڵام نەتوانراوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەوە بدرێت کە چەند لە داهاتی ناوخۆ بۆ حکومەتی عێراق بێت و چەندی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.


حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی داهاتی ناوخۆوە دابووە حکومەتی عێراق، کە پشتئەستوور بوو بە یاسای کارگێڕیی دارایی و یاسای بودجە، بەڵام سوودانی و حکومەتی عێراق ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیازەکانی هەرێم نیشان نەداوە، ئەمەش لەسەر بنەمای تێبینییەکانی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.

ئاڤا دەقی گفتوگۆی سوودانی و وەزیرانی بەدەست گەیشتووە، تەیف سامی پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی حکومەتی کوردستان سەدا سەەدی داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا، دواتر لە بەغداوە بەشێکی بەپێی پێویستی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرنەوە، وەزیرانی کوردیش لە کۆبوونەوەکە بەرگرییان کردووە و گوتوویانە ئەمە قبوڵ ناکرێت و دژی یاسا بەرکارەکانە.

چی ڕووی دا؟ بەهۆی ئەوەی نەتوانراوە بۆچوونە جیاوازەکان یەک بخرێن، سوودانی بڕیاری داوە پرسی داهاتی ناوخۆ بسپێردرێت بە ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی، بۆچوونی هەردوو حکومەت ئاراستەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت و پرسیاریان ئاراستە دەکرێت کامیان یاسایین؟

لەلایەکی دیکە: لەبارەی پرسی نەوت، سوودانی بڕیاری داوە لە سبەی چوارشەممەوە، کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.

ئێستا توانای هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیلە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەهێڵێتەوە و ئەوەی دیکەی دەداتە کۆمپانیای سۆمۆ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایشی کردووە بەزووترین کات ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بکرێت. ئامانج لەم ڕێککەوتنە چارەسەرکردنی گرفتەکانە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هیچ ناکۆکییەکیان لەنێوان نەماوە، بەڵام کێشە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتدا ماوە. کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی قەرزەکانیان کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.

 

ئەمەش بزانە: ئەنجوومەنی دەوڵەت دادوەرییە و هاوشێوەی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانە، دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە و تایبەتمەندە بە دادوەریی کارگێڕی لە عێراقدا،  پێکدێت لە دادگای باڵای کارگێڕی و دادگای دادوەریی کارگێڕی و دادگای دادوەریی فەرمانبەران. هەر بڕیارێک بدات دەبێت هەردوولا، حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق پێیەوە پابەند بن.

ئەنجوومەنی دەوڵەت باڵاترین مەرجەعە لە عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هاووڵاتیان و لایەنە کارگێڕییەکان، هەروەها ڕاوێژی یاسایی پێشکەش بە حکومەت دەکات و پڕۆژە یاساکان تاوتوێ دەکات و ئامادەیان دەکات.

 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ