كوردستان فاوندەیشن پرۆژەیەكی جیاواز و گرنگ ڕادەگەیەنێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

کوردستان فاوندەیشن پرۆژەیەکی جیاواز و گرنگی ڕاگەیاند، ئەویش ڕیسایکلینی خۆڵ و خاشاکە بەتایبەت پاشماوەی پلاستیک کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە بە ماددەی پلاستیک، لە هەنگاوی یەکەمی پرۆژەکەش 500 سەتڵی زبڵ لە هەولێر و دهۆک دادەنرێن، 350 لە هەولێر 150ـش لە دهۆک، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا پرۆژەکە فراوانتر دەکرێت و هەموو کوردستان دەگرێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: کوردستان فاوندەیشن لە شوێنە گشتییەکان جۆرە سەتڵێکی زبڵی تایبەت دادەنێت کە لەسەری نووسراوە بۆ پاشماوەی پلاستیک، هاووڵاتییان هەر جۆرە پاشماوەیەکی باغە و پلاستیکیان هەبێت لەو سەتڵانە فڕێی دەدەن، کە پێشتر لەلای کانی قڕژاڵە، دەفن دەکرا و ئەو ماددانە 400 ساڵی پێدەچوو تا شی دەبنەوە، ئەگەر پلاستیکەکە زۆر خەفیف بووایە 100 ساڵی پێویست بوو ئەوەش زیانێکی زۆری بۆ ژینگە هەبوو، بەڵام لەڕێگەی ئەو پرۆژەیە، پلاستیکە فڕێدراوەکان دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و دوای چەندین قۆناغی پرۆسێسکردنی، دووبارە بەرهەمی نوێی لێ دروست دەکەنەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژانە لە کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار تۆن پاشماوە بەرهەمدێت کە 25%ـی ئەو بڕە بە پلاستیک مەزەندە دەکرێت، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە ڕۆژانە لانیکەم ملیۆنێک و 500 هەزار بوتڵی پلاستیکی ئاوخواردنەوە و خواردنەوە گازییەکانی دیکە بەکاردەهێنرێن.

بۆچی گرنگە: لەڕێگەی بەئامانجگرتنی کۆکردنەوەی 750 هەزار بوتڵی پلاستیک لە مانگێکدا، ساڵانە بڕی 216 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن پاشەکەوت دەکرێت کە هاوتایە بە چاندنی زیاتر لە 10 هەزار دار، یاخود لابردنی 47 ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان لە ساڵێکدا، جگە لەو سوودە ژینگەییانەش، هۆشیار تاک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و خۆشویستنی خاک و نیشتمان زیاتر دەکات و ئاستی پابەندبوونی تاک بە ڕێسا و ژیانی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکات.

لێدوانی فەرمی: هەندرێن ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پرۆژەی ڕیسایکلین لە کوردستان فاوندەیشن، بە ئاڤای ڕاگەیاند، پرۆژەکە کارئاسانیی زۆر بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە کارگەی ڕیسایکلینیان هەیە و ئەو ماددانەی پێشتر ببوونە هۆی پیسبوونی ژینگە، لەڕێگەی فڕێدانیان لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە سەتڵێکی تایبەت، دووبارە ڕیسایکلین دەکرێنەوە بەجێگەی ئەوەی لەژێر خاک دەفن بکرێن یاخود لە دەرەوەی شارەکان بسووتێندرێن.

لەلایەکی دیکەوە: کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەلێت، پێشتر  کاری دەفنکردنمان بۆ پاشماوەکان دەکرد و شیبوونەوەی پلاستیک، سەدان ساڵی دەویست، ئێستا بە هاوکاری دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن بە دانانی سەتلی خۆڵ و خاشک  بەشێوەکی مۆدێرن، ئەو زیانە ژینگەییانە کەمەدەبنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ