وردەکاریی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت لە زاری چوار بەرپرسی باڵای عێراق

شەیری بکە لە:
وردەکاریی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت لە زاری چوار بەرپرسی باڵای عێراق

دیمەنێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

بەکۆی دەنگ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی پرسی نەوتی کوردستان پەسەند کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕیار دەرکران لەبارەی ماف و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت.

وێنە گەورەکە: پرسی نەوت یەکێک لە دوو لەمپەرە گەورەکەی بەردەم ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستانە، ئەم پێشهاتە ئاسۆیەکی نوێیە بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەبارەی پرسی مووچە. هەوڵەکانیش بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتی ناوخۆی کوردستان چڕکراونەتەوە کە دووەم لەمپەری بەردەم ناردنی مووچەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. گفتوگۆ لەبارەی پرسی نەوت کرا و بە کۆی دەنگ پێشنیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت پەسەند کرا.

پرسی نەوت بەشێک نەبوو لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سوودانی خۆی پرسیاری لە د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە کردووە پرسەکە بە کوێ گەیشتووە، ئەویش ئاماژەی بە پرۆپۆزی نوێی حکومەتی کوردستان و کۆمپانیاکان کردووە و لە کۆبوونەوەکە خراوەتەڕوو.

زانیاریی تایبەت: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دوو بڕیار دەرکران:

یەکەم: ماف و شایستەی دارایی کۆمپانیاکان: حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان پێشنیازیان کردووە لەبری پارەی کاش، نەوت بە کۆمپانیاکان بدرێت لە بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانیان.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاڤای گوت: بەپێی گڕێبەستەکانیان مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکرێت، بەشێکی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت مافی کۆمپانیاکانە، حکومەتی عێراق ڕازی بووە بەشەکە کۆمپانیاکان بۆ خۆیان بێت و دەستکاری گرێبەستەکان نەکرێت.

بەپێی لێدوانی دوو وەزیری حکومەتی عێراق بۆ ئاڤا کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون: حەقدەستی کۆمپانیاکانیش بە نەوت دەدرێت، بۆ نموونە بڕی 16 دۆلار وەک حەقدەست بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە. کۆمپانیاکان خۆیان نەوتی خاوەکە دەفرۆشن و چیتر پێویست بە دابینکردنی پارەی کاش لەلایەن حکومەتەوە ناکات، ئەمە وەک گەرەنتییەک بۆ کۆمپانیاکان کە مافیان نافەوتێت.

یەکێک لە کێشەکانی دۆسیەی نەوت قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی ئەپیکۆرە، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کار دەکەن، بڕی قەرزەکە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، تاوەکو ئێستا ڕوون نییە بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەرزانە دەکات.

دووەم: ڕەوانەکردنی پێشنیازەکە بۆ لیژنەی ڕاوێژکاری: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە پێشنیازە پەسەندکراوەکە ڕەوانەی لیژنەی ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت و لە ماوەی 48 کاتژمێردا بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە دەرببڕن، ئەگەری ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر پێدانی نەوت لەجیاتی پارەی کاش، ئەوا ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکان واژۆ دەکرێت، ڕێککەوتنەکە ڕادەگەیێنرێ و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە خۆی لە کۆبوونەوەکە بەشدار بووە، بە ئاڤای گوت: کێشەی پرسی نەوت نزیکبووەتەوە لە چارەسەری کۆتایی، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەفەرمی ڕابگەیێنرێت. 

ئەمەش بزانە: ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. حکومەتی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت، بڕەکەی دیکە هەمووی بە کۆمپانیای سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق) دەکرێت.


لەلایەکی دیکەوە: عەلی نەزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "ئێمە وەک سۆمۆ کڕیارمان بۆ نەوتی کوردستان پەیدا کردووە و گرێبەست و هەموو شتێکمان بۆ فرۆشتنی نەوت تەواو کردووە. ئامادەین بۆ وەرگرتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان." جەختی لەوەش کردەوە گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ