ئایندەی کورد لە سووریا

ئایندەی کورد لە سووریا

وا بڕیارە لە (25/9/2025) لە کۆبوونەوەی لوتکەی دوو زلهێزی جیهانی کە هەردووکیشیان ئەندامی ناتۆن، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕەجەب ته‌یب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چاویان بە یەک بکەوێت لە کۆشکی سپی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە ئەمنییەکانە. یەکێک لە پرسە گرنگ و ھەستیارەکان کە تەوەرێکی سەرەکییە لە دیدارەکەدا؛ بابەتی ڕۆژئاوای کوردستان و چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە، زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا لە سووریا، سەبارەت بە ئایندەی کورد لە ناوچەکە و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان، ھەروەھا سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست وەکو گەورەترین ھاوپەیمانی ئەمریکا سەرئێشەیەکی گەورەی دروست کردووە بۆ تورکیا. بەوەی ھەوڵیداوە بۆ لاوازکردنی زیاتری سوریای نوێ و دابەشبوونی ئەو وڵاتە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ (2016-2020) سەبارەت بە پرسی کورد لە سووریا، ھەرچەندە کوردی بە ھاوپەیمانێکی نزیک و ئازا و شەڕکەری خۆیان ناساند لە شەڕی تیرۆرستان و داعش، بەڵام سیاسەتی پراگماتیکییانە و پۆپۆلیستیانەی پەیڕەو کرد، بەوەی تاڕادەیەکی زۆر ڕێگای دا بە تورکیا گوشار و هێرشی زۆر بکات بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و گڵۆپی سەوزی داگیرساند بۆ تورکیا کە گوشار و ھێز بەکاربھێنێ دژی کوردەکان.

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لێدوانێکی پێشووتری دۆناڵد ترەمپ كاتێك وتی “کوردەکان فریشتە نین” ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سیاسەتە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا قەدەر و چارەنووسی کورد لە گەمە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ململانێ و بەرژەوەندیی زلهێزەکان بە کوێ دەگات لە ئایندەدا؟ ئایا ھەمان سیاسەتی ھایپۆکراسی و دووفاقیی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دووبارە دەبێتەوە؟ لەو پارچەیەی کوردستان بە تایبەت ڕۆژئاوا، ئایا هەڵوێستی ئەمەریکا چی دەبێت؟ بە تایبەت داواکاری ئەردۆغان لە ترەمپ ئەوەیە ڕازی بکات بەوەی پاڵپشتی زیاتری هەسەدە نەکات و دەستبەرداری کوردەکان بێت. ئەمە لە کاتێکدایە؛ ئاماژە ناوخۆییەکانی حکومەتی سووریا و لێدوان و سیاسەتی سەرۆکی کاتیی سوریا “ئه‌حمه‌د شەرع” زیاتر جەخت لەسەر ناوەندییەتی بوونی دەسەڵات دەکاتەوە و دژی هەموو مافێکی سیاسیی کوردە، ڕەتکردنەوەی ئەگەری دروست بوونی سیستمی سیاسیی نوێی سوریا لە فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵی، مکوڕ بوونی ناوبراو لەسەر یەکگرتوویی و یەکپارچەیی سوریا، درێژە دان بە سیاسەتی دژە کورد بۆ جوداخوازی یان خۆبەڕێوه‌بەری، لە نوێترین لێدوانی سەرۆکی سوریا، لە بەرواری (12/9/2025) هەڕەشەیەکی تووندی کرد؛ کە هەموو هەوڵێکی کوردەکان بۆ دابەشکردنی سوریا زیان بە ئێراق و تورکیا دەگەیەنێت و ڕووبەڕوی هەموو هەوڵێک دەوەستینەوە لەو بارەیەوە.

 

واتە بە ئاشکرا ناوبراو لەگەڵ ڕێکكەوتن و مافی کورد دا نییە، کەواتە ئایندەی کورد لە سووریا و لە تورکیادا لە مەترسیدایە، واتە ھەماھەنگی و ڕێکكەوتن لە نێوانیان ھەیە کە ھەردووکیانی دژی مافە سیاسییەکان و ھەبوونی کوردن بەو شێوەیەی ئێستا لە ناوچەکەدا هه‌یه‌. لەگەڵ ئەوەشدا ھاوکێشە سیاسییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە دوای “دیداری ترەمپ و ئه‌حمه‌د شەرع” لە (14/5/2025) گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەخۆوە بینی، بەوەی سیاسەتی ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بکات و “ده‌سته‌ی ته‌حریر و شام” لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی شەرعی لە سووریا، کەواتە ئایندە ناڕوونە و گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکان خێرا و کاریگەرن، بە پێچەوانەی بەرژەوەنددیەکانی نەتەوەی کوردن. دەبێت کورد ھەنگاوەکانی داھاتوو خۆی بۆ هەر ئەگەرێک یان سیناریۆیەکی سەربازی خراپ ئامادە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای سیاسی دیپلۆماسی و دیالۆگ بە ڕووی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی بکاتەوە و ژیرانە مامەڵە بکات بە ھاوسەنگی. دەبێت لەوە دڵنیا بین سیاسەتی حکومەتی نوێی سووریا هۆشگیری زۆری لەسەر دەوڵەتی تورکیایە بەوەی کە بەتەواوی ھاوھەڵوێست و ھاوپەیمانییەتی بەتایبەتی لە پرسی کوردا، کە تورکیا وەک کارتێکی فشاری کاریگەر بەکاری بھێنێ دژی کورد لە سووریا، ئاشکرایە ئەمە فاکتەرێکی بەهێزە کە ناتوانێت فەرامۆشی بکات، ئەمە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دانوستان لە مانگەکانی ڕابردوویدا کە بڕیاربوو کۆبوونەوەی لوتکە لە پاریس لە نێوان “ئه‌حمه‌د شەرع و مەزڵوم عەبدی” ئەنجام بدرێت.

 

دەرئەنجام؛ گۆڕانکارییەکان، پێشهاتەکان و ھاوکێشە سیاسییە خێراو ئاڵۆزەکان لە سووریا ئومێد بەخش نین و تارمایی و سێبەری نەزم و پارادایمێکی نوێ لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەستی پێ دەکرێت، کە کاریگەری کۆڵۆنیاڵیزم، بەرژەوەندیی زلھێزەکان زووڵمی جیۆپۆلەتیک کوردی کردۆتە قوربانی و وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیھاندا کە ئایندەی بە ناڕوونی و لێڵی دەبینرێت لە داھاتووی سووریا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: