ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: گەنجانی سلێمانی ڕوودەکەنە بەریتانیا و دەڵێن 'لە دەست ڕووداوەکەی لالەزار' ڕامان کردووە

شەیری بکە لە:
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: گەنجانی سلێمانی ڕوودەکەنە بەریتانیا و دەڵێن 'لە دەست ڕووداوەکەی لالەزار' ڕامان کردووە

دیمەنێکی بەریتانیا و لالەزار ئەو کاتەی یەکێتی هێرشی کردەسەر

ئاڤا نیوز

 

ڕۆژنامەی (دەیلی ئێکسپرێس)ـی بەریتانی ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر دۆخی ئەو کۆچبەرە کوردانە بڵاوکردووەتەوە کە لە ترسی ژیانیان و بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار سلێمانیان جێهێشتووە و، بەڕێگەی نایاسایی و مەترسیداردا ڕوویانکردووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.

 

چیرۆکی سەرەکی؛ ڕۆژنامەکە قسەی لەگەڵ کۆچبەرێکی هەرێمی کوردستان کردووە و باسی لەوەکردووە، بەهۆی ئەو توندوتیژییەی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە لە شارەکە هەڵهاتووە بەرەو بەریتانیا، ڕۆژنامەکەش بۆ پاراستنی کەسە نزیکەکانی ناوییان ناوە 'ئامەد' بەڵام خۆی ناوێکی دیکەی هەیە.

 

ئەم کۆچبەرە کوردە شەش جار هەوڵی داوە لە فەڕەنساوە و لەڕێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بگاتە بەریتانیا لە دوایین جاردا توانیویەتی بگاتە ئەو وڵاتە و دەڵێت، "لە کەناڵی ئینگلیزدا دۆخمان هێندە خراپ بووە بەهۆی شەپۆڵە بەهێزەکانی دەریاوە ئەو کەسانەی لە بەلەمەکەدا بوون بێهۆش بوون و تا گەیشتووینەتە بەریتانیا هەر گوتوومە ئەگەر هێزی دەریایی بەریتانیا نەگەنە فریامان نقووم دەبین و دەمرین."

 

زانیاریی زیاتر: 'ئامەد' کە ناوی خوازراوی ئەو کەسە کۆچبەرەیە، بەگوتەی خۆی بە هەزاران دۆلاری داوەتە قاچاخچییەکان و ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە تاوەکو لەو مەترسییە دووربکەوێتەوە کە لە شارەکەی دروست بووە، بە ڕۆژنامە بەریتانییەکەی گوتووە "بافڵ هاووڵاتییەکی بەریتانییە، چۆن دەکرێت ئەم شتانە ڕووبدەن و حکومەتی بەریتانیا هیچ نەکات؟ وای کردووە خەڵک کوردستان جێبهێڵن و بێن بۆ بەریتانیا، ئەمە ئەو هۆكارەیە كە من سلێمانیم جێهێشت، زۆر کەس دەناسم کە تەنیا چاوەڕێی دەرفەتن بۆ ڕۆیشتن و سلێمانی بووەتە ناوچەیەک کە لەلایەن دیکتاتۆرێکی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت و پێویستە حکومەتی بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانەکەی دەستوەردان بکەن بەو پێیەی بافڵ خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانییە".

 

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت؛ ڕۆژنامە بەریتانیاکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی سلێمانی دەکات و دەڵێت، ئەو ناوچەیەی کۆچبەرەکە لێی ژیاوە و جێیهێشتووە، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە تۆمەتبارە بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرە سیاسییەکانی و لەم دواییانەدا دوو ئامۆزای خۆی بە ناوەکانی لاهوور شێج  و پۆڵاد تاڵەبانی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین و ڕکابەرە سیاسییەکانی دیکەی خستووەتە زیندانەوە.

 

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە؛ کەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بە ڕۆژنامە بەریتانییەکەیان وتووە، دەستگیرکردنی ئەو دوو كەسە [لاهوور و پۆڵاد] و تۆمەتبارکردنیان بە هەوڵدان بۆ کوشتن، هاوکات ئەشکەنجەدانی لایەنگرانیان بووەتە هۆی ئەوەی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران لە سلێمانییەوە ڕوو لە بەریتانیا بکەن.

 

لەلایەکی دیکە؛ دوایین داتای وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەوە نیشان دەدات، لە شەش مانگی ساڵی 2025دا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە عێراقەوە، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، چوون بۆ بەریتانیا زیاتر لە 100% زیادی کردووە.

 

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش لەسەر كۆچكردنی خەڵک لە سلێمانی و چوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدات هاوکارییەکانی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا و ڕێگریکردن لەوەی کۆچبەران ژیانیان بخەنە مەترسییەوە زیاتر بکات و هەوڵیش دەدەن ئەو پاڵنەرانە چارەسەر بکەن کە کۆچبەران ناچار دەکات وڵاتەکانیان بەرەو بەریتانیا جێبهێڵن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ سەبارەت بە دۆسیەی لاهوور شێج جەنگیش، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، پشتگیری لەو هاووڵاتییە بەریتانییە دەکەن و بەردەوامیش لەگەڵ بەرپرسانی سلێمانی لە پەیوەندیداین.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ