شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرینەی ناوچەكان باران دەبارێت

شەیری بکە لە:

دیمەنی بارانبارین لە پایتەختی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرینەی ناوچە و شار و شارۆچكەكان باران دەبارێت و تاوەكوو ئێستا بەردەوامە، ئەمە بە یەكەم شەپۆڵی چڕی بارانبارینی ئەمساڵ هەژمار دەكرێت.


ئەوەی پێشبینی دەکرێت؛ بەپێی پێشبیننیەکانی کەشوهەوا ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممە شەپۆڵێكی دیکەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەبارێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ شەپۆلەكە جگە لە هەرێمی كوردستان چەند ناوچەیەكی عێراق بەتایبەت پارێزگای بەغدایشی گرتووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شێوازی دابارین دەگۆڕێت و شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین كە سەرچاوەكەی دەریای ناوەڕاستە ناوچەكە دەگرێتەوە و بارانبارین تا درەنگانی شەوی یەكشەممە بەردەوام دەبێت.

 

لێدوانی فەرمی؛ دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەبارێت و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو لە هەندێک شوێن هەیە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی ڕێڕەوی ئاویان باش نییە یان پاک نەکراوەتەوە.

 

لەلایەکی دیکە؛ هاوکات شێخ دارا پێشکەشکاری کەشوهەوای ئاڤا ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند، لە پاشنیوەڕۆی هەینییەوە بارانبارینی سەخت لە سەرتاسەری ناوچەکان دەست پێ دەکات.

 

ئاماژەی بە ئەوەش دا كە بەهۆی بارانبارین و گۆڕانکاریی کەشوهەواوە پلەكانی گەرماش شەش بۆ نۆ پلە نزم دەبنەوە و ئەگەری بەفربارینیش لە شاخە بەرزەكانی كوردستان هەیە.

 

زانیاریی زیاتر؛ بەپێی پێشبینییەکانی كەشناسی، کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە بە پلەی یەکەم لەسەر ناوچەکانی بادینان دەبێت کە ئەگەری ھەیە لە ناوچە جیاوازەکانی دەڤەرەكە 55 بۆ 70 ملم و لە ناوچە شاخاویەکانیشی 75 بۆ 90 ملم باران ببارێت.

 

هاوكات لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئەگەری هەیە 30 بۆ 45 ملم باران ببارێت، ناوچە شاخاویەکانیشی 55 بۆ 60 ملم، هەروەها ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و باكووری گەرمیانیش ئەگەری هەیە 38 بۆ 55 ملم باران ببارێت، هاوکات باشوور و ناوەڕاستی ئیدارەی گەرمیان و کەرکووك ئەگەری 25 بۆ 40 ملم باران ھەیە، لە سنووری ئیدارەكانی ڕاپەڕین و سۆرانیش پێشبینی دەكرێت 70 بۆ 80 ملم باران ببارێت و لە سنووری ئیدارەی زاخۆش ئەگەری هەیە 90 بۆ  100 ملم باران ببارێت كە زۆرترین بڕی بارین دەبێت لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: