ڕیفراندۆم بڕیار لە چارەنووسی خۆم؛ ئیرادەی سەربەخۆخوازانی کورد و دووڕوویی بەرژەوەندخوازانی دنیا

ڕیفراندۆم بڕیار لە چارەنووسی خۆم؛ ئیرادەی سەربەخۆخوازانی کورد و دووڕوویی بەرژەوەندخوازانی دنیا

هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 25 ـی سێپتێمبەری  2017  دا ، گەلی کوردستانی باشوور، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد ئیتر بەسە ! دەنگێک کە  زۆر بەرزتر بوو  لە گرمەی تۆپ و تەیارەی ئینگلیز و لەشکری لیوی و سوپای خێڵەکیی عێراقی پادشایەتیی و فەیلەقەکانی کۆماری کودەتاچییانی تەمووزی 58 و  شوباتی 63 و تەمووزی خوینڕێژەکانی 68 تا بەهاری 2003.  دەنگی بەڵێیەکی  بڵند و درەوشاوە لەناو جەرگەی ڕۆژە ڕەشەکانی قاعیدە و تیرۆریستانی داعش و هەموو جڕو جانەوەرەکانی تری دوای 2016 ، فیلمێکی خوێناویی بێ وچان کە 97 ساڵی خایاند. ڕیفراندۆم دەنگێکی بەرزو دلێر بوو کە هەموو داگیرکەر و ستەمکار و جروجانەوەرەکانی ناوچەکەی لە خەونی بێ خەمی و بێ منەتی،  ڕاچڵەکاند و کەوتنە خۆیان و هەموو دروشمە ساختەکانی یەکسانی و دادپەروەریان ژێرپێ خست و بۆ جاری سەدەمین ڕووی ڕاستەقینەی بێ دەمامکی برایەتیی ساختەی گەلانی موسڵمانیان بەدیارکەوت؛ وەڵامیان بۆ خواساتی ڕەوای کورد، چاوسوورکردنەوەو هەڕەشەو گەمارۆدان و داخستنی سنوور و لەشکرکێشی بوو.  

گەلی ستەمدیدەی مافخواری کورد لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بڕیاری لە چارەنووسی خۆیدا و بەڵێیەکی زەق و ڕەقی دا بە گوێی کەڕی دنیای دوور و نزیکدا و پێی گوتن : ئێمە فێرنیین بێڕێزی و ستەم و ژێردەستەیی قەبوڵ بکەین بۆیە سەربەخۆیی و سەروەری و دراوسێیەتییەکی دادپەروەرانەمان هەڵبژارد. ئێمە هەشت ساڵ لەمەوبەر بە هەموو دنیامان ڕاگەیاند: دەمانەوێت ئاڵای کوردستانی سەربەخۆ بە پاڵ ئاڵای گەلانی ترەوە بە ئاسمانەوە بشەکێتەوە.

ئایا سەد ساڵ ژێردەستەیی و زوڵم و زۆر بەس نیە!؟  وەرنە سەر مێزی گفتوگۆو دیبەیتی ڕاستەوخۆ . وەرن ڕووبەڕوو پێمان بڵێن بە چ یاساو شەرعێک سەربەخۆیی کوردستان حەرام و بڤەیە ؟  پێمان بڵێن بۆچی شەوو ڕۆژ وێردی سەرزارتان نەفرەتکردنە لە ئیستعمارو ئیمپریالیزم و کارو کردەوەکانیان کە ڕێزی ئیرادەی گەلان ناگرن و دەیانچەوسێننەوە،  کەچی کە باس دێتە سەر ڕێزگرتن لە  ئیرادەی ملیۆنان کورد کە سەد ساڵ لەمەوبەر بەپلان و پیلانی ئەو ئیستعمارە نالەبارە ، خرانە ژێر دەستی ئێوە و ئێوەش بە سەردەستەی ئەوان، گورج گڕ دەگرن و کورد دەبێتە ئەهریمەن و خیانەتکارو دەستوپێوەندی بێگانە و هەرچیی تۆمەتی نابەجێیە دەیدەنە پاڵمان ؟

هەر لە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆی ئیستعمارییەوە لە 1916 دا ،  کوردستانی گەورە وەک میراتی بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا، تا گەیشت بە  ستەم نامەی لۆزان لە 1923 کە بە ئیرادەی کۆڵۆنیالیزم و نەتەوەپەرستانی دەوروبەر، مۆمی ئومێدی دەوڵەتی کوردیی کوژایەوە.

دەیان ساڵ بوو ئێمەی کوردو کوردستانیان لە دۆخی نامۆبوون و لە دەرەوەی مێژووی ڕاستەقینەدا ، لەژێر چەپۆکی دەوڵەتانی دەسنێژی کۆلۆنیالزمدا ، لەسەر خاکی خۆمان بەرگرییەکی کەم وێنەی پر لە ژان و چەرمەسەریی خوێناویمان نواند . ئەگەرچی لە سادەترین مافی سەرەتایی خۆمان وەک نەتەوە ، بێبەشکرابووین،  بەڵام ڕێمان نەدا  ناوو شوناس و کولتوور و زمانمان ڕەشکەنەوە ، خۆڕاگرو گەشبین و ژیاندۆست بووین . داستانی پڕ قوربانیدان و داهێنانمان لە مێژووی سەدەی بیستەمدا تۆمارکرد و شکستمان بە 84 ساڵ تەمەنی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر هێنا.

ئێمەبووین لە پاش 70 ساڵ خەباتی چەکداری ، لە 2017 دا ، پەنامانبرد بۆ سندووقەکانی دەنگدان و دەنگمان دا بە سەربەخۆیی ، بۆ یار و نەیار و دوور و نزیکمان سەلماند کە نەتەوەیەکین ناچار بە چەکهەڵگرتن کرابووین، ڕامانگەیاند : ئەوە ئێمەین کە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆمان ، ڕێوشوێنێکی  ئاشتیخوازانەی شارستانیی مەدەنیمان هەڵبژاردووە . ئەوەش سیاسی و خوێندەوار و میدیاکار و ئیماندارو خەڵکی سادەو ڕەشوڕووتی مێشک شۆراوەی گەلانی سەردەستە و لووتبەرز و لەخۆڕازین کە ناتوانن بێنە سەر ڕێگەی مەدەنیەت و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر، ئەوە ئێمەین داوای یەکسانی و دادپەروەری لە دنیا دەکەین ، ئەوەش ئەوانن کە تەنیا ئەو کاتانە ئێمەیان لاپەسەندە و ئەکراد و کاکا یەکی زێنین ، کە بە پلە  سێ و چوار ڕازی بین و دەنگمان لێوە نەیەت، مەگەر ئەو کاتانەی کە پێویست بێت بڵێین ( نعم سیدي)!

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە جەوهەری چەمکی دەوڵەت بەرلەوەی هێڵ و خاڵەکانی سنووربێت و لەسەر نەخشەی بەرژەوەندییەکان بکێشرێن ، بەردێکی بناغەی تۆکمەی  پێویستە کە (ئیرادەی خەڵکە) ئەو دەمەی دەڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی . ڕاستە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە چرکە ساتێکی زۆر سەختەدا جیهانی دوور و نزیک دڵڕەقانە و دوو ڕووانە ، دەنگ وئیرادەی کوردیان ڕەتکردەوە و پشتیان لێکردین ، بەڵام لەوساوە تا ئێستا ملیۆنان دەنگی بەڵێ، هێشتا وا لە ناو دەشت و دەر و دۆڵ و لووتکەی چیاکاندا ، لە ناو شارو گوندەکاندا دەنگ دەداتەوە. لە گڕوگاڵی ساوایەکی تازە نەمامدا ،  لە وریایی گەنجێکی سرک و بزێوت کوردستاندا ، لە لاواندنەوەی  دایکانی ڕەشپۆشی گەرمیان و بارزاندا ، لە ڕێوڕەسمی یادی هەر شەهیدێکی قارەماندا، لە سەمفۆنیای پڕ ئازایەتیی پێشمەرگەدا گوێم لەو سروودەیە کە دەڵێت :  زۆری سەرکەش هەوڵی داوە کورد نەهێڵێ .. خاکی کوردستان بە بۆمبا و چەک بکێڵێ ، هەڵدێراون لەم کێوانە بوونەتە پەندی زەمانە.

دڵنیابن ئیرادەی سەربەخۆخوازانەی کورد شکستی نەهێناوە ؛ بەڵکو لاپەڕەیەکی پرشنگداری ترمان لە مێژووی دوور و درێژی خەباتدا نووسییەوە ، لاپەڕەیەک کە بە خەتێکی سوور لە ناوەندیا نووسراوە : "ڕەنگە بتوانن لەدایکبوونی سەربەخۆیی بۆ چەند ساڵێک دوابخەن ، بەڵام هەرگیز ناتوانن لەباری بەرن!".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: