ساکۆ بانگەوازێک بۆ ڕزگارکردنی مەسیحییەکانی عێراق دەکات و پەیامێک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت
- ڕاپۆرت
- 32 خولەک لەمەوپێش

دیمەنی چەند هاووڵاتیەکی پێکهاتەی مەسیحی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
لە کۆڕبەندێکی دیپلۆماسی لە ڤیەننا، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدان، نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق دەربڕی و داوای پاراستنی مافەکانیان و بوونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی کرد.
چیرۆکی سەرەکی: لە کۆبوونەوەیەکی باڵای دیپلۆماسییدا، لە یەکێک لە هۆڵە فەرمییەکانی حکومەتی نەمسا لە شاری ڤیەننای پایتەخت، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان، وتارێکی پێشکەش کرد. ژمارەیەک لە باڵیۆزان و بەرپرسانی حکومیی ئامادەی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
چی ڕوویدا: پێش وتارەکەی ساکۆ، وۆڵفگانگ شۆسێل، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری نەمسا، پێشواز و ناساندنی ساکۆی بۆ ئامادەبووان کرد، ستایشی ڕۆڵی ڕۆحی و مرۆیی پاتریارکەکەی کرد. پاشان ساکۆ دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ خستنەڕووی دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لێدوانی فەرمی: ساکۆ لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، "مەسیحییەکان لە عێراق، کە بە یەکێک لە دێرینترین دانیشتووانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە دادەنرێن، ماوەی زیاتر لە دوو دەیە دۆخێکی نائاسایی و سەختیان بەسەر بردووە، کە کردوونی بە یەکێک لە لاوازترین پێکهاتەکان. بەرزبوونەوەی تووندوتیژیی تائیفی و دەرکەوتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وەک قاعیدە و داعش، ئەوانی ناچار کردووە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مانەوە ببنەوە."
وتیشی، "کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچەی وڵات لەلایەن میلیشیا و گرووپە تاوانکارییەکانەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام دۆخی مەسیحییەکانی تێكداوە."
ئاماژەی بەوەشدا "مەسیحییەکان بوونەتە قوربانیی جیاکاری لە دەرفەتی کار و خوێندندا، ڕووبەڕووی هەوڵی موسڵمانکردنی منداڵانی ژێر تەمەن بوونەتەوە، جگە لە سنووردارکردنیان بە یاسا نادادپەروەرەکان."
ساکۆ ئەوەشی خستەڕوو "لە ساڵی 2014، میلیشیایەک دروست بوو کە دەستی گرت بەسەر موڵک و ماڵی مەسیحییەکان لە بەغدا و دەشتی نەینەوا، کورسییەکانی پەرلەمانیی تایبەت بە مەسیحییەکانی داگیر کرد، بەڵام لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی مەسیحییەکانی نەکرد، بەڵکو هەوڵی پەراوێزخستنیانی دا لە ڕووی سیاسییەوە."
کۆچکردن و کەمبوونەوەی ژمارەیان
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان کە پاتریاک ساکۆ جەختی لەسەر کردەوە، کەمبوونەوەی ژمارەی مەسیحییەکان بوو لە عێراق. ئەو ئاماژەی بەوەدا ژمارەیان لە نزیکەی ملیۆنێک و نیو کەس پێش ساڵی 2003، بۆ نزیکەی 400 - 500 هەزار کەس ئێستا کەمبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک مەسیحی بۆ دۆزینەوەی ئاسایش و سەقامگیری، وڵاتیان جێهێشتووە.
ساکۆ ڕوونی کردەوە: "مووسڵ پێش ساڵی 2003 نزیکەی 50 هەزار مەسیحی لە خۆگرتبوو، ئێستا تەنیا 70 خێزان ماونەتەوە. سەبارەت بە گوندەکانی دەشتی نەینەواش، هێشتا بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کارەوە دەناڵێنن، کە ژیان لەوێ نزیکەی مەحاڵ کردووە."
پەیام بۆ ناوخۆ و دەرەوە
ساکۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەتایبەتی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە پاراستنی بوونی مەسیحییەکان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەوپێیەی کە ئەوان "ڕیشەی مەسیحییەتن لە ناوچەکە" و شایەتحاڵی مێژووی دێرینی ناوچەکەن.
ئەو جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان داوای ئیمتیازاتی تایبەت ناکەن، بەڵکو داوای مافی تەواوی هاوڵاتیبوون دەکەن کە ئاسایش، کەرامەت و بەشداریکردنیان لە ژیانی گشتیدا مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەشدا "چارەسەرەکە لە بوونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنیی مۆدێرندا دەستنیشان دەکرێت، کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان بێت، بەدوور لە تائیفەگەری و پشکپشکێنە." داوای ئامادەکردنی دەستوورێکی مەدەنیشی کرد کە ئازادییە ئایینییەکان بپارێزێت و یەکپارچەیی عێراق مسۆگەر بکات، بە دوور لە باڵادەستیی لێکدانەوە ئایینییەکان یان دەسەڵاتی میلیشیاکان.
هەنگاوی کردەیی پێویستن
پاتریاک ساکۆ ژمارەیەک ڕێوشوێنی خستەڕوو کە بە پێویستی زانی بۆ پاراستنی مانەوەی مەسیحییەکان، دیارترینیان:
• دەستبەرکردنی پاراستنێکی ڕاستەقینە لە دەشتی نەینەوا لە ڕێگەی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانەوە، نەک میلیشیاکان.
• گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دزراو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
• دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاندەر بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران، بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێن.
سوپاس و پەیامێکی مرۆیی
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ساکۆ سوپاسی حکومەتی نەمسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری وڵاتەکە، وۆڵفگانگ شۆسێلی کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و جەختی لەوە کردەوە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خستنەڕووی ئازارەکانی مەسیحییەکان لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی پەراوێزخراوەکان.
وتیشی، "مەسیحییەکان لە عێراق، مانەوەی خۆیان بە شایەتحاڵییەکی مرۆیی و پەیامێکی ئاشتی دەزانن." داوای پشتیوانیکردنیانی کرد بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بەشداریکردن لە بوونیادنانی عێراقێکی ئارام و گەشەسەندوو کە هەموو پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازی لەخۆ بگرێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- بیروڕا
- 34 خولەک لەمەوپێش
25/9 - ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
120 ملیار داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مانگی حەوت درایە بەغدا
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هەفتەی داهاتوو تەرزاووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت بۆ بەغدا دەنێردرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
پۆلیسی بەغدا عەقید ڕوکنێکی ساختەکار بە دەیان بوتڵ خواردنەوەی کحولییەوە دەستگیر دەکات
14 کاتژمێر لەمەوپێش
کچە ژینگە دۆستێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتێکی ژینگەیی پێ بەخشرا
15 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر مردنی هاووڵاتیەک کێشە بۆ خاوەن زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دروست دەکات
15 کاتژمێر لەمەوپێش
کارکردن لە جووتسایدی دێگەڵە - کۆیە بەردەوامە
23 ئەیلوول
كاسبكارێک له ماڵهوه خواردهمهنى دروست دهكات و له پیشهسازیی باكووری ههولێر دهیفرۆشێت
23 ئەیلوول
- ڕاپۆرت
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕشتنی خوێن لەناو خێزاندا؛ چی دەربارەی تاوانە ڕەشەکان لە عێراقدا دەزانیت؟