25/9 - ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان

25/9 - ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان

سەربەخۆیی و ئازادی، پێش هەموو شتێک ئیرادەیە، پێش ئەوەی پێت ببەخشرێت، دەبێت خۆت بەدەستی بهێنیت. ئەو ساتەی تۆ بڕیار دەدەیت سەربەخۆ و ئازاد بیت، لەو ساتەوە تۆ ئازادیت.

 

ئازادی و سەربەخۆبوونی گەلان ئیرادەیەکە؛ هەتا لە ڕۆح و ویژدان و بیر و هزری گەلدا بمێنێتەوە، ڕۆژگارێک هەر دێتە بوون و لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە بەرجەستە دەبێت و لەدایک دەبێت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کاتێک ئەم ڕووناکییە لە ڕۆح و هزردا دەکوژێتەوە؛ ئیدی ئەوە ساتی مەرگی گەل و نەتەوەیە.

 

ئەگەر لە ڕۆح و هزری سیاسیی نەتەوەیەکدا ئەم ئیرادەیە کوژایەوە، ئەوا چەند دەرفەتیش بێتە پێش، هەموویان لە دەست دەچن. بەڵام ئەگەر ئیرادەکە هەبوو و ڕووناکییەکە گڕی دەگرت، ئەوا هەلومەرجەکانیش ئەگەر نەشبن، دروست دەکرێن.

 

شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە لەدایکبووی ئەم ڕووناکییە بوو. هەر بەم ڕۆحی سەربەخۆخوازییەوە، ڕۆڵەکانی کورد و سەرکردەکانی کورد یەک لە دوای یەک مەشخەڵی شۆڕش و بەرخۆدانیان دایە دەست یەکتر و هەرگیز نەیانهێشت ئەو مەشخەڵە خامۆش ببێت، تا لە 25/9ی 2017 لە بڕیارێکی مێژووییدا گەیشتە لوتکە و لە شێوەی پەیامنامە و پڕۆتۆکۆلێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی نێونەتەوەییدا بەرجەستە بوو.

 

ئەوەش بریتی بوو لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان، کە لە پڕۆسەیەکی جەماوەری، دیموکراسی و ئاشتیخوازانەدا، خەڵکی کوردستانی عێراق بڕیاری جیابوونەوە و سەربەخۆبوونیان لە عێراق دا، لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستووریی شەرعیدا.

 

ئەم ئیرادەیە کە لەو ڕۆژەدا بەرجەستە بوو، ئێستا لە شێوەی پڕۆتۆکۆلێکی یاسایی و دەستووریدا پارێزراوە. هەرگیز ئەو پڕۆتۆکۆلە کە تێیدا ئیرادەی گەلێک بەرجەستە بووە، جارێکی تر ناسڕێتەوە، بەڵکو بەردەوام دەبێت.

 

ئەوەی کە ئەو پڕۆتۆکۆلە ناونراوە (تاپۆ ڕەشەکە) ڕاستەقینەترین ناونانە، چونکە وەک چۆن تاپۆی پارچە زەوییەک بە میرات دەستاودەست دەمێنێتەوە، ئەم پڕۆتۆکۆلە یاسایی و دەستوورییەی ڕیفراندۆمیش بە میرات نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە و ئیرادەی نەتەوەیەک بەرجەستە دەکات و هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو شەرعییەتە بسڕێتەوە.

 

ناوچەکانی ماددەی 140 لە پڕۆسەکەدا

 

خاڵێکی هەرە بەهێزی ڕیفراندۆم لەوەدا بوو کە لە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی کوردستانی عێراق، بە ناوچەکانی (ماددەی 140)یشەوە، ئەنجام درا. ئەمەش واتە، ئیدی ئەو ناوچانە بەپێی ئەو ڕاپرسییە گەڕاونەتەوە سەر خاکی کوردستان.

 

لە کاتی خۆیدا هەندێک بۆچوونی سادەلەوح هەبوون  پێیان وابوو باشترە ڕیفراندۆمەکە تەنها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بکرێت! بێ ئاگا لەوەی کە خودی نهێنیی ئەم ڕیفراندۆمە لەوەدایە چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلا دەکاتەوە کە لە دەستووری عێراقدا بە ناوچەی ماددەی 140 ناسراون و نەگەڕێنراونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان و حكومەتی عێراقیش خۆی لە جیبەجێكردنی ئەو مادە دەستوریە دەدزێتەوە.

 

زۆر گرنگ بوو کە ئەو کات سەرۆک بارزانی و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم نەکەوتنە ژێر کاریگەری ئەو بۆچوونە سادە و ساکارانەوە و ریفراندۆمەكەیان لەتەواوی خاکی کوردستانی مێژوییدا ئەنجام دا.

 

چونکە ئەگەر ڕیفراندۆمەکە ئەو ناوچانەی نەگرتایەتەوە، ئەوا خودی ڕیفراندۆمەکە دەبووە بەڵگەی دابڕانی ئەو ناوچانە لە کوردستان، ئەمەش هەڵەیەکی کوشەندە دەبوو.

 

بەڵام ئێستا کە ڕیفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام دراوە و خەڵکی کەرکووک تا حەمرین بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە، ئیدی ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ئەو ناوچانەش، بە هەمان شێوەی هەولێر و سلێمانی، بەشێکن لە خاکی کوردستان بەپێی دەستوور و بەڵگەی ڕیفراندۆم.

 

ڕاستە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا هەندێک لێکەوتە و زیانی هەبوو، ئەمەش شتێكی سروشتیە بۆ هەر جووڵە و ڕیسکێکی سیاسی، بەڵام پێمان وایە ئەوەی لە ڕیفراندۆم ماوەتەوە، تەنها دەستکەوتەکانیەتی و زیانەکان وردە وردە سڕاونەتەوە.

 

لەم ڕۆژەدا، سەربەخۆیی تەواوی خاکی کوردستان لە زاخۆوە تا حەمرین و هەڵەبجە و هەورامان بڕیاری لێدرا؛ ئەمەش بووەتە پڕۆتۆکۆلێکی سیاسی، یاسایی و شەرعی بە دەست خەڵکی کوردستانەوە. ئایا هیچ هێزێک هەیە بتوانێت "شەرعییەت" هەڵبوەشێنێتەوە؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: