وەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەی ئاڤاوە هۆکار و چارەسەری پەتای وەرزی دەخاتەڕوو

شەیری بکە لە:
وەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەی ئاڤاوە هۆکار و چارەسەری پەتای وەرزی دەخاتەڕوو

دیمەنی تووشبوویێک بە پاتەی وەرزی

ئاڤا نیوز

پەتایەکی وەرزی بەشێوەیەکی فراوان لەناو خەڵک بڵاوبووەتەوە بە تایبەتیش لەناو منداڵان، لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویست بەردەستە.

چیرۆکی سەرەکی: چەند ڕۆژێکە پەتایەکی وەرزیی تووند بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە بە تایبەتیش لەناو منداڵان، لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویست بەردەستە.

لێدوانی فەرمی: دکتۆر هێرش قادر دەربەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە ئاڤای وت: ئەوەی کە بڵاوە پەتایەکی وەرزییە و ساڵانە لەگەڵ گۆڕانکاری کەشوهەوا سەرهەڵدەدات.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی دکتۆر هێرش، پەتاکە دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان نیشانەکانی سادەن وەک؛ پژمین، هاتنی ئاو لە چاو و لووت، بێهێزییەکی کەم. جۆری دووەمیان ئەنفلۆنزایە کە بەهۆی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا تووش دەبێت و نیشانەکانی تووندترە کە بریتین لە؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش، ژانەسەر، ئازاری ئێسک و ماسولکە، کۆکەیەکی وشک، بێ هێزی.

لەلایەکی دیکەوە: د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ئاڤای ڕاگەیاند: بەوپێیەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی پشکنین ناکەن، بەڵکو بەشێکیان لە ماڵەوە یان لە بنکە تەندروستییەکان چارەسەر وەردەگرن، بۆیە داتایەکی گشتی تۆمار نەکراوە و وەکو پەتایەکی وەرزی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام سەردانیکردن بۆ بنکە تەندروستییەکان و ڕاوێژکاری ئێواران و بەتایبەتیش نەخۆشخانەکانی منداڵان زیادی کردووە، لێرەوە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان چارەسەری پێویست بەردەستە.

چارەسەرەکان: پێویستە تووشبوو دووربکەوێتەوە لە وەرگرتنی دژە بەکتریا و دەرزی تێکەڵە، لە 48 کاتژمێری سەرەتا دەتوانێت دژە ڤایرۆسێکی تایبەت یاخود ئازارشکێنەکانی وەک پاراسیتامۆڵ وەربگرێت، ئەگەر هاتوو ئازارەکەی زۆربوو دەتوانێت 400 ملیگرام پرۆفین هەشت کاتژمێر جارێک وەربگرێت ئەگەر کێشەی دیکەی تەندروستی نەبێت.

تووشبووان پێویستیان بە وەرگرتنی پشوو و خەوێکی باش هەیە، خواردنی شۆربا و شلەمەنی و خۆراکی هاوسەنگ، گیراوەی لیمۆ و هەنگوین و ئاوی شلەتێن، سوودیان دەبێت.

ئەمەش بزانە: بۆئەوەی کەسانی دیکە تووشی ئەم پەتایە نەبن، پێویستە کەوچک و خاولی و کەرەستەکانی دیکەی تووشبوو بەکارنەهێنرێن، لە هەمان کاتدا لە تووشبووان نزیک نەبنەوە، بەڵکو مەودایەکیان هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ