ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان: چاوەڕێی بەغداین سیاسەتی نەناردنی مووچە بەكۆتابهێنێت

  • بزنس
  • 23 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان: چاوەڕێی بەغداین سیاسەتی نەناردنی مووچە بەكۆتابهێنێت

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، هەر پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بۆیە چاوەڕیی بەغداین کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچە  بهێنێت.

چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش، دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بوو كە بەمدواییانە لە هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوون، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەش تایبەت بوو بە پرسی خانەنشینبوونی كارمەندانی كارتی تایبەت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، هەرێمی كوردستان هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بەهەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکارییان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

بابەتە ستراتیژییەكە: ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون، حكومەتی هەرێم بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.

لەلایەكی دیكەوە: لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەپێناو پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بەئامانجی سوودمەندبوونیان لە مووچەی خانەنشینی. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زياتر بۆ ڕاسپاردە و پێشنیازەكان بكات، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ