ئەپیکور بۆ ئاڤا: بە مەرج هەناردەی نەوت دەستپێدەکەینەوە

شەیری بکە لە:
ئەپیکور بۆ ئاڤا: بە مەرج هەناردەی نەوت دەستپێدەکەینەوە

مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکۆر

ئاڤا نیوز

 

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دەڵێت، "بۆ  هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان مەرجمان هەیە و دەبێت حکومەتی عێراق سەرجەم گەرەنتییە داراییەکان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دابین بکات".

 

وێنە گەورەکە: حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هیچ ناکۆکییەکیان لەنێوان نەماوە، بەڵام کێشە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتدا ماوە. کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی قەرزەکانیان کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.

 

لێدوانی فەرمی: مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بەغدا و هەولێر لە کۆتایی مانگی دوو ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوە، چونکە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوای گەرەنتی پارەدان و جێبەجێکردنی شەفافانەی مەرجەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکەن.

 

کاریگەری و لێکەوتەکان: ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە ساڵانی ڕابردوودا 30 ملیار دۆلار زیانی بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

 

ئەوەی پیویستە بیزانیت: ڕۆژی سێشممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لەبارەی پرسی نەوت، سوودانی بڕیاری دا لە چوارشەممەوە، کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.

-ئێستا توانای هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیلە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەهێڵێتەوە و ئەوەی دیکەی دەداتە کۆمپانیای سۆمۆ.

-سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایشی کردووە بەزووترین کات ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بکرێت. ئامانج لەم ڕێککەوتنە چارەسەرکردنی گرفتەکانە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

 

باکگراوند: لە 25-3-2023 بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕاگیرا، سەرەڕای پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەبووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ