ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێكی نوێ بۆ پرسی داهاتە نانەوتییەكان بە بەغدا دەدات

  • بزنس
  • 23 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێكی نوێ بۆ پرسی داهاتە نانەوتییەكان بە بەغدا دەدات

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پێشنیازی حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی، هاوكات وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد كە باشترین بژاردەی یاسایی بۆ دابینكردنی باشترین مووچەی خانەنشینی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ بكات.

چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و، ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دواپێشهاتەكانی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، ڕێكخستنی مووچەی خانەنشینانی هێزەكانی پێشمەرگە، لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15%ـی پێشینە و قەرزە بانكییەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، بڕگەی سەرەكی كۆبوونەوەكە بوون.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا و، تێیدا وردەكاریی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەلایەن هەریەك لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، خرانەڕوو.

پێشنیازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داهاتە نانەوتییەكان:

بۆ دیاریكردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازێكی پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ پێشكەشكردووە بە پشتبەستن بە هەردوو یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، لەپێناو ئەوەی ئەو پرسە چیتر نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی كوردستان.

هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان:

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەنديی گشتی بێت، بە ئاراستەی؛ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدراڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سرووشتيیەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

پرسی خانەنشینی هێزەكانی پێشمەرگە:

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیازیان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ـی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعيل، وەزیری پێشمەرگە و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد  لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەنديی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگريی نیشتیمانی کە بەرپرسیاریەتيی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ