لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەبارەی پرسی مووچە دەدرێت؛ نوێترین زانیاری لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەبارەی پرسی مووچە دەدرێت؛ نوێترین زانیاری لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ

گرافیکی پرسی مووچە

ئاڤا نیوز


لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە بەغدا بڕیار لەبارەی مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت. ئەنجوومەنی دەوڵەت بە 17 لاپەڕە لە بەرژەوەندیی کوردستان وەڵامی سوودانی داوەتەوە لەبارەی داهاتی ناوخۆ. لەبارەی نەوتیش هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکان ڕێککەوتنیان کردووە و تەنیا ڕاگەیاندنی ماوە، هەرسێ لایەنیش دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

چیرۆکی سەرەکی: چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەم سێشەممەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، بڕیار لە پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان بدرێت. هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردن و لابردنی دوو لەمپەرەکەی بەردەم ناردنی مووچە، نەوت و داهاتی ناوخۆ گەیشتوونەتە کۆتایی، کە چارەنووسی شەش مووچەکەی ئەمساڵی لەسەر وەستاوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت:
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق کە ئەرکی یەکلاکردنەوەی داهاتی ناوخۆی کوردستانی پێسپێردرابوو، پێنجەمین کۆبوونەوەی لەبارەی پرسەکە کرد و وەڵام و بۆچوونی خۆی لە 17 لاپەڕە ئامادە کرد.


کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و سەرجەم دەستەی گشتیی ئەنجوومەنەکە واژۆیان لەسەر وەڵامەکە کردووە و بەفەرمی بۆ نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، وەڵامەکە لەسەر بنەمای ماددەکانی دەستوور، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق و یاسای بودجە ئامادەکراوە و وەڵامی پێنج پرسیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تێدایە.

خاڵی ئەرێنی: ئاڤا زانیویەتی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت تا ڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە و ئەو پێشنیازەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی کوردستان بۆ دابەشکردنی داهاتی نانەوتی کوردستان کردبووی، 50%ـی داهاتە فیدراڵییەکان، 50%ـی گومرگ و 50%ـی باج بۆ بەغدا و 100%ـی رسووماتی ناوخۆ بۆ حکومەتی کوردستان، بە ڕاست و گونجاو زانراوە.

هەنگاوی داهاتوو: لەکاتێکدا ناوەڕۆکی وەڵامەکە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، ڕوون نییە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەبێت، چونکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تەنیا و بێ ڕەزامەندی کوردستان پرسەکەی بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپاردبوو، دوای تاوتوێکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نادرنی کۆپییەکی بۆ  حکومەتی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت ئەم چوارشەممەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسەکە ئاشکرا بکات.

لێدوانی فەرمی: د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی لەگەڵ کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئاماژەی بەوەدا کە خەسباک پێیگوتووە پێشنیازەکانی حکومەتی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردان و دەبێت کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە: مووچەخۆرانی کوردستان نیگەرانن لەوەی ئەگەر ڕێککەوتنێکیش بکرێت، حکومەتی عێراق لەکاتی پەسەندکردنی کاری پێبکات و مووچەی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوو بفەوتێت.


د. شاخەوان عەبدوڵڵا جەخت دەکاتەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە سێ مووچەی فەوتاوی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆ قەرەبوو بکاتەوە و بیاننێرێت، پاشان سێ مووچەکەی دیکەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـیش بنێرێت.

هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کەرکووک، د. شاخەوان عەبدوڵڵا دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتن کراوە بۆ خەرجکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و گرنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەغدا بە ڕێککەوتنەکە پابەند بێت و پارە بنێرێت.

 گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: پەیوەست بە پرسی نەوت د. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت هەناردەکردنەوەی نەوت هیچ کێشەیەکی نەماوە و کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە. هەروەها پرۆپۆزەڵی ڕێککەوتنی نەوت لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بووە.

چاوەڕوان دەکرێت پرسی نەوتیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا باس بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، بەمەش ڕێگا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر و بنەڕەتی بۆ کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا خۆش دەکرێت.

 پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی کوردستانیش بە ئاڤای گوتووە، حکومەتی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەن، هەفتەیەک لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی بە کۆمپانیای سۆمۆیان گوتووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەن.

زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا، کێڵگەی نەوتی خورمەڵە و کۆمپانیاکانی نەوت بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کارمەندەکانیان خستووەتە ئامادەباشی، کۆمپانیای کاریش ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووە و کارمەندەکانی ئاگادار کردووەتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ